بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سزای ڕزگار زەندی کە پێشتر بەتۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا جێبەجێکرا. ئەو بەندکراوە لە کاتێکدا لە سێدارەدراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری چالاکوانانی مەدەنی و هاوڵاتیانی خەڵکی شاری سنە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کەسی کوژراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە لە بەردەم ماڵەکەیان و بەندیخانەی سنەدا گردبوبوونەوە.

یەکێک لەو چالاکوانە مەدەنییانە لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دووا و گوتی: “شەوی ڕابردوو سەدان چالاکوانی مەدەنی و هاوڵاتی لەبەر دەم بەندیخانەی ناوەندیی سنەدا گردبوونەوە و داوایان کرد بنەماڵەی کەسی کوژراو ڕەزامەنەدیی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە دەرببڕن. لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر گردبوونەوەکە و بڵاوەیان بە هاوڵاتیان کرد. هێزە ئەمنییەکان هەروەها تا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کەشێکی ئەمنی و سەربازییان لە دەوروبەری بەندیخانەکەدا پێکهێنا”.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ڕابردوو ئاشکرایکردبووە کە چالاکوانە مەدەنییەکان شەوی یەکشەممەش لە پارکی سەعدیی شاری سنە کە نزیکە بە ماڵی بنەماڵەی کەسی کوژراو گردبوبوونەوە.

دەگوترێت ڕزگار زەندی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی / ٢٠١٦ لە کێشمەکێشمی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەی هاوبەش لە کاری بازرگانیدا بە چەک کەسێکی بنەماڵەی بەرامبەری کوشتووە.
ڕزگار زەندنی لە کاتی جێبەجێکردنی سزاکەیدا تەمەنی ٢٧ ساڵ و لە کاتی دەستبەسەرکراندا باوکی كورپه‌كی ٢٠ ڕۆژه‌ بووە.