ڕۆژی ٤ی ڕەزبەر / 9.26، بڕیارگەی نەجەفی ئەشرەفی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بەرزاییەکانی چیای شاهۆ و ناوچەی هەورامانی پارێزگای کرماشاندا هەستا بە ئەنجامدانی مانۆری سەربازیی موحەرەم. لەو مانۆرەدا تۆپخانە و هێلیکۆپتێرە جەنگییەکانی سپای پاسداران چیای شاهۆیان دایە بەر تۆپباران و لە ئەنجامدا ڕووبەرێکی بەرفراوانی ئەو ناوچانە لە ئاگردا سووتان.
ئەو مانۆرە سەربازییە لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە ژینگەپارێزانی کورد پێشتر سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو مانۆرە هۆشدارییان دابووە ڕایگشتی کوردستان.
ڕووبەری ناوچەی پارێزراوی شاهۆ و کۆساڵان ۵۷،۲۳۶ هێکتارە و دەکەوێتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، روانسەر، پاوە، مەریوان و کامیاران و لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستاندا هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە بە پێی پەسندکراوی ژمارە ۳۰۳ ئەنجومەنی باڵای ژینگە (کۆمسیۆنی ژێرخانی دەوڵەت) وەکوو ناوچەی پارێزراو ناسراوە و سەر بە بەڕێوەبەریی رێکخراوی پارێزگاریی ژینگەیە لە ئێراندا.
بەگوتەی ژینگەپارێزێکی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کراوە بە ناوچەیەکی سەربازی-ئەمنی و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخە، مەترسیی لەناوچوونی ڕووبەرێکی بەرفراوان هەڕەشە لە ژینگەی (ئیکۆسیستم) ناوچەکە دەکات.
لێکدانەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیی ئەو مانۆرە کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەری و میدیاکانی سەربە سپای پاسدارانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەیسەلمێنێت کە وەک ساڵی پار بەشێکی بەرچاوی بەرزاییەکانی شاهۆ لە ئەنجامی تۆپبارانەکاندا لە ئاگردا سووتاوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی مانۆرەکە بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرایکرد کە سپای پاسداران لە چەند ڕۆژ پێشترەوە قەدەغەی هاتووچۆی لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندووە، هەر بەو هۆیەشەوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ کامە لە ژینگەپارێزانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە نەیانتوانیوە خۆیان بگەیەننە شوێنی بەڕێوەچوونی مانۆرەکە.
ژینگەپارێزێکی دانیشتووی شاری پاوە لەو بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “بەهۆی ئاستەمبوونی هاتووچۆ بۆ بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان، ئەو ناوچەیە بووە بە تاکە ژینگەی جۆرێکی تایبەتی بزنەکێوی، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلاین هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تۆپباران کراوە”.

بەگوتەی ئەو ژیگەپارێزە، سپا بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە تاکەکانی ژینگەی بەرزاییەکانی شاهۆ و کۆساڵان، ناوچەکەی وەک جوگرافیای هەڕەشە پێناسە کردووە و لە ڕێگای دروستکردنی جادە و بارەگا سەربازییەکانەوە کردووەیەتی بە ناوچەیەک بۆ بەڕێوەبەردنی ئەپەراسیۆن و پەروەردەی هێزەکانی.
بەدووای بەڕێوەچوونی مانۆرەکەدا، سەردار محەمەدنەزەر عەزیمی، فەرماندەی بڕیارگەی نەجەفی ئەشرەفی هێزە زەمینییەکانی سپا بە میدیاکانە نزیک بە خۆیانی گوت: “مانۆرەکە لە ناوچەیەکی بەڕاستی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بەڕێوەدەچێت”.
جێگای ئاماژەیە کە ساڵی ڕابردووش ئۆپەراسیۆنێک بەناوی مانۆری موحەرەمی ٢ لە بەشێکی دیکەی بەرزاییەکانی شاهۆ کە کەوتووەتە دەورووبەری شاری کامیارانەوە بەڕێوەچووبوو. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەبڵاوکردنەوەی چەند ڕاپۆرت ئاشکرایکردبوو ئاگر لەو ناوچانەدا کەوتووەتەوە.
دووابەدووای بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی کوردستان رایگەیاند، ئەم هەواڵانە لەلایەن میدیای نەیارانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئەو ناوچانەی بۆ مانۆری ئەمنیی موحەرەمی دوو هەڵبژێردراون گژ و گیایان لێ نییە و شوێنێکی بەردەڵان و شاخاوین.
گوتەکانی ئەم فەرماندەیەی سپا لە کاتێکدا بوو کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پشتی بەستبوو بە کۆمەڵێک وێنەوە کە تەنانەت لەلایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامیشەوە سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی بەشێکی شاهۆ بڵاوکرابووەوە.
میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران کۆمەڵێک وێنەی ئەنجامەکانی مانۆرەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە ئاگرکەوتنەوە لەناو بەرزاییەکانی شاهۆ بەئاشکرا تێیاندا دیارە: