محەمەد نەزەری، بەندکراوی سیاسیی کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە/  1994.05 بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە بەندیخانە دایە، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە باسی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەی دەکات.
ئەو بەندکراوە سیاسییە لە نامەکەدا نووسیویەتی کە دایکی بەهۆی بەدوواداچوون بۆ کاروباری ئازادکرن و داوای لێخۆشبوونییەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە زەخت کراوەتە سەریی و هەر لەبەر ئەو زەختانەش جەڵتە لێیداوە و کۆچی دوایی کردووە. بەڕێز نەزەری هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە ناوەندە ئەمنییەکان هەر بەو هۆیەوە هەڕەشەیان لە براکەشی کردووە و لە ئەنجامدا تەرمەکەی لە جادەیەکدا دۆزراوەتەوە.
ناوبراوە لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات لە پێشتر دادگای شاری مهاباد بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکردووە و لە بەردەوامییدا دەڵێت بەڵام کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونی تاران بەهۆی دەستێوەردانی نوێنەرانی ناوەندە ئەمنییەکانەوە ئەو بڕیارەیان پەسند نەکردووە و هەڵیانوەشاندووەتەوە.
دەقی ئەو نامەیە کە وێنەیەکی نێردراوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە بەردەوامییدا بخوێننەوە:
تەواوی بەشەکانی ئەم نامەیە پێشتر وەک نووسراوەیەکی فەرمی نێردراە بۆ وەزارەتخانەی ئیتلاعات، بەڵام وەک هەموو نامەکانی دیکەم بێ وەڵام ماوەتەوە. هەر بۆیە بڕیارم دا وەک نامەیەکی کراوە بڵاوی بکەمەوە، بەڵکو وژدانە هۆشیارەکانی جیهان وەڵامێکی بدەنەوە.
من محەمەد نەزەری، کوڕی حەمدوڵا بە تۆمەتی لایەنگریکردنی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرواری ٩ی جۆزەردانی ١٣٧٣ی هەتاویدا سزای بەندکرانی تاهەتاییم بە سەردا سەپێندرا و تاوکو ئێستا بەبێ تەنانەت ڕۆژێک مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەدا بووم. بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر چەند خاڵێک بۆ ئەوەی هەمووان بزانن لەم ماوەیەدا جگە لە خۆم چی بەسەر بنەماڵەکەم هاتووە.
١، بنەماڵەکەم لە هەمووی ئەم ساڵانەدا بەجدی بەدوواداچوونیان بۆ کەیسەکەم کردووە. دایکم لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا لە کاتێکدا کە بەمەبەستی لێخۆشبوون یان کەمکردنەوەی سزاکەم سەردانی هەموو ڕێکخراو، ناوەندە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت بەیتی ڕەهبەریشی کردبوو، بەس وەڵامێکی درایەوە: هەرگیز بەدوواداچوون بۆ کەیسی کوڕەکەت مەکە و سپاسی خوا بکە کە هێشتا لە سێدارە نەدراوە! دایکم لە ئەنجامدا بەهۆی زەختی ناوەندە ئەمنییەکانەوە جەڵتە لێیدا و کۆچی دوایی کرد.
٢، لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییدا داواکاریی گشتیی وڵات فەرمانی پێداچوونەوەی بۆ سەر کەیسەکەم دا. لەگەڵ ئەوەی دادگای شاری مهاباد بڕیاری لێخۆشبوونی سزاکەمی دەرکرد، بەڵام کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونی تاران بەهۆی دەستێوەدانەکانی بەڕێز نەجمی، نوێنەری وەزارتخانەی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرج، ئەو بڕیارەی پەسند نەکرد و هەڵیوەشاندەوە.
٣، براکەم کە لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویدا بەدوواداچونی بۆ ئازادیی من دەکرد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێکرا و لە ئەنجامدا تەرمەکەی لە جادەیەکدا بەشێوەیەک دۆزرایەوە کە بە ڕواڵەت جەڵتە لێیدابوو.
٤، چەندین جار داوای پارێزەرم کرد. ژمارەیەک پارێزەر هەر چەند لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا پاراستنی منیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام پاشان بە هۆکاری نادیارەوە کشانەوە. بەڕێز حسێن ئاغاسی لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا پاراستنی منی بەبێ بەرامبەر لە ئەستۆ گرت، هەر چەند هیوای زۆری بە ئازادییم هەبوو بەڵام لە کۆتاییدا هەوڵەکانی نەگەیشتنە ئەنجام.
٥، بە ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانەی باسم کردن، داوام لە خوشکەکەم کردووە بە هیچ شێوەیەک بەدوواداچوون بۆ ئازادیی من نەکات، چونکە نامەوێت سێیەم کەسی بنەماڵەکەم بێت کە بەم شێوەیە لە دەستی دەدەم.
٦، لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، نوێنەری ئیتلاعات، “ئامادەبوون لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنی بەمەبەستی دانپێدادانی زۆرەملی”ی وەک مەرجی ئازادبوون خستە بەر دەمم، قبوڵم نەکرد و لە وەڵامدا وتیان کەوایە ناتوانن هەوڵ بۆ ئازادبوونم بدەن. ئەگەرچی ئەمڕۆکە فەرمانبەرەکانی وەزارتخانەی ئیتلاعاتیش دان بە نادادوەرانەبوونی سزاکەمدا دەنێن، بەڵام بۆچی دژایەتی ئازادکردنم دەکەن پرسیارێکە کە وەڵامەکەی تەنیا لای بەڕێوبەری فەرمانگەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە. بەپێویستی دەزانم ئەمە بە ئاشکرا ڕابگەیەنم کە لە ئەگەری داوای بەرپرسانی داد یان ئەمنیی دا لە هەموو دادگایەکدا ئامادە دەبم و وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەدەمەوە. ئایا ڕەوایە بەهۆی دانپێدانانێکی ناڕاستەوە پاش ٢٥ ساڵ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ بنەماڵەکەم بکرێت؟ لە کۆتاییدا داوا لە هەموو خوێنەرانی ئەم نامەیە دەکەم کە وەڵامی نامەکە بدەنەوە و بڕیاری لە سەر بدەن.
محەمەد نەزەری، بەندیخانەی ورمێ