سەرکەوت (جەمال) گودەرزی و خالید سووری، دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی كامێران و مەریوان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرکەوت گودەرزی کە لە رۆژی ١٦ی گەلاوێژ/ 08.07 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر کرابوو، رۆژی ٢٥ی خەرمانان/ 09.16 بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی له‌ به‌ندیخانه‌ی كامێران ئازاد کرا.

هەروەها لە رۆژانی رابردوو خالید سووری، هاوڵاتی خەڵکی مەریوان کە لە ٢٣ی پوشپەڕەوە/ 07.14 دەستبەسەر کرابوو پاش کۆتایی هاتنی قۆناغی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە دەستبەسەرگەی سنە ئازاد کرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی کامیاران و مه‌ریوان گواسترابوونەوە.

تۆمەتی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان راگەێنراوە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستادا پتر لە ٢٢ چالاک و هاووڵاتیی کورد کە پێشتر لە شارەکانی کامیاران، مەریوان و دیواندەرە دەستبەسەر کرابوون، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.