حاتەم ئۆزدەمیر، هاوڵاتی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان، رۆژی پێنج شەمە و پاش سێ رۆژ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گەڕێنرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاند، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە رێکەوتی ٢٧ی خەرمانان/ ٠٩.١٨ لە بەندیخانەکەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە و رۆژی پێنج شەمە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ماکۆ تۆمەتەکانی پێراگەێنراوە.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دانیشتنەدا پارێزەرێکیشی لەلایەن دادگای شۆڕشی ماکۆوە بۆ دیاریکرابوو (پارێزەری تەسخیری) و تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی کرێکارانی کوردستانیشی (پەکەکە) دراوەتە پاڵ و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گەڕێنراوەتەوە.

حاتەم ئۆزدەمیر لە شەوی ١١ی پوشپەڕی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٧.٠٢، پاش شەڕ و پێکدادانێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزەکانی قەرارگەی “حەمزەی سەیدولشوهەدا”ی سپای پاسدارانی ورمێ لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدووران دەستبەسەرکرا.

جێگای ئاماژەیە کە لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەدا چەند پارچەهاوەن بەر ئەندامەکانی جەستەی ئەم هاوڵاتییە کوردە کەوتووە و بێهۆش بووە، بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران بەبرینداری دەستبەسەریان کردووە و لەجیاتی نەخۆشخانە گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران.