حاتەم ئۆزدەمیر، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی باکوری کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاوڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ و پاش دوو مانگ لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترابووەوە.
هه‌ر بەگوێرەی ئەوە زانیارییانه‌، گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییەی خەڵکی باکوری کوردستان لەسەر فەرمانی داواکاری گشتیی ورمێ و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ئەنجامدراوە.
حاتەم ئۆزدەمیر لە شەوی ١١ی پوشپەڕی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٧.٠٢، پاش شەڕ و پێکدادانێکی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هێزەکانی قەرارگەی “حەمزەی سەیدولشوهەدا”ی سپای پاسدارانی ورمێ لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدووران دەستبەسەرکرا.
جێگای ئاماژەیە کە لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەدا چەند پارچەهاوەن بەر ئەندامەکانی جەستەی ئەم هاوڵاتییە کوردە کەوتووە و بێهۆش بووە، بەڵام هێزەکانی سپای پاسداران بەبرینداری دەستبەسەریان کردووە و لەجیاتی نەخۆشخانە گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران.