مستەفا سەبزی، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ جارێکی دیکە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شوێنی نیشتەجێ بوونی بنه‌ماڵه‌كه‌ی.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە سەرەتای مانگی خەرمانانەوە/ مانگی هەشت، پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە کۆتایی بە مانگرتنە ٣٢ رۆژەکەی هێنابوو، لە رۆژی رابردووەوە جارێکی دیکە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتبوو، پاش ئەوەی حوکمی بەندکرانی مستەفا سەبزی لە دادگای پێداچوونەوە یەکلا بوویەوە، چەندین جار داوای کردووە بگوازرێتەوە بۆ ماکۆ کە شوێنی نیشتەجێ بوونیەتی، بەڵام نوسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ ئەم داوایەی رەتکردۆتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە حوکمی ئەم بەندکراوە سیاسییەدا هیچ ئاماژەیەک نەکراوە کە دەبێ لە بەندیخانەی ورمێ بەند بکرێت.
مستەفا سەبزی ۲۴ساڵ، هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ  له‌ جۆزه‌ردانی ساڵی۹۳ی هەتاوی/ 2014.06 لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌و رێکخراوه‌ ئه‌منییه‌تییه‌ له‌ ژێر فشاری لێپێچینەوەدا بووە.
رەنجی ئەو زیندانییە سیاسییە هەر بەوە کۆتایی پێ نایەت و پاش تەواو بوونی خولی لێپرسینەوە، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و دوای چەند مانگ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ١٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەی ورمێه‌وە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

به‌ندكراوی سیاسی كورد