نیوەڕۆی دوێنێ که‌مال حەسەن رەمەزان، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە رۆژی ١٦ی خەرمانانەوە/٢٠١٩.٠٩.٠٧ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە، جارێکی دیکە بۆ ئەو بەندیخانەیە گەڕێنرایەوە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەمال حەسەن رەمەزان لەم ماوەیەدا لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کەوتبوويە بەر ئەشکەنجە و ئازارەوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کە حوکمی ئیعدامیشی بەسەردا سەپاوە، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ژوورێکی بەندیخانەکەدا دەستیان بە ئاسنێکەوە بەستبوويەوە و لەلایەن کەسانی ئەمنییە دەستبەسەرگەکەوە لێی دراوە.
هۆی گواستنەوەی کەمال حەسەن رەمەزان بۆ ئەم دەستبەسەرگەیە بەشداری لە مانگرتن و ناڕەزایەتی ناو بەندیخانەکە راگەێنراوە.
رۆژی١٥ی خەرمانان/ ٢٠١٩.٠٩.٠٦، پشکنین و لەناوبردنی کەل و پەلی شەخسی بەندکراوان لەلایەن یەکەی تایبەتەوە، ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بۆ ماوەی چەندین کاتژمێری لێکەوتەوە.
کەمال حەسەن رەمەزان مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوو/ ٢٠١٨.٠٨ لە ناکاو بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ گواسترایەوە کە ئەمەش مەترسی جێبەجێکردنی حوکمەکەی لێکەوتبوویەوە. ئەو کات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای دەربرینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندکراوە، داوای کردبوو دەستبەجێ حوکمی ئیعدامەکەی رابگیرێ.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٦.١٢ بۆ ماوەی هەشت رۆژ، لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، لە سەرماوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/٢٠١٧.١٢ بۆ ماوەی حەوت رۆژ و لە گەلاوێژی ١٣٩٧/ ٢٠١٨.٠٨ بۆ ماوەی هەشت رۆژ بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران گواسترابوویەوە. بە پێی زانیارییەکان ئەم فشارانە بۆ سەر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە مەبەستی کردنەوەی دۆسییەی نوێ و وەرگرتنی دانپێدانانی دوور لە راستییەوە بووە.
کەمال حەسەن رەمەزان تەمەنی ٣٣ ساڵە و خەڵکی سەرێکانی کوردستانی سوریا (رۆژئاوا) یە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە شەشی خەرمانان ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.٠٨.٢٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و پاش چوار مانگ لێپێچینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.
لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٧ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ورمێوە بە تۆمەتی ئەندام بوو لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە ١٠ ساڵ بەندکران مەحکوم کرا. پاشان ئەم حوکمە بە پێی یاسایەک کە پێی دەوترێ “رازی بوون بە بڕیاری دادگا” بۆ ماوەی حەوت ساڵ کەم کرایەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوو سەرەڕای ئەوەیکە حوکمەکەی یەکلایی ببوویەوە چوار جار بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە و بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی/ ٢٠١١، لێپێچینەوەی لەگەڵدا کراوە.
حەسەن کەماڵ رەمەزان مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٥ لەلایەن بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکانی بەندیخانەی ورمێوە بانگ کرا و بە رەسمی حوکمی ئیعدامی پێڕاگەێنرا. ئەم حوکمە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٠ی هەتاوی/ ٢٠١١.١١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشەوە بە غیابی بۆ کەسێک بە ناوی “کەمالە سور” بڕابوویەوە، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات ئەم حوکمەی بەسەر کەمال حەسەن رەمەزاندا داسەپاند و وەک تاوانبار ناساندی، تەنیا پەیوەندی ئەم دوو کەسەش، لێکچوونی ناوەکانیان بووە.