ه‌ندحوسێن محەمەدیان، بەندکراوی سزادراو به‌ سێداره‌ کە لە رۆژی ١٢ی خەرمانانەوە/ ٢٠١٩.٠٩.٠٣ دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن، بە فەرمانی بەپرسانی گرتووخانەی تەورێز بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە.
بە پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گه‌یشتوون، لە کاتێکدا دۆخی ئەم هاوڵاتییە لە هەشتەمین رۆژی مانگرتنەکەیەوە بەرو خراپی دەروات، بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانەکە لە بەندی نۆوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.
رۆژی دووشەمەی پێشوو حوسێن محەمەدیان بە هۆی دابەزینی فشاری خوێن بۆ نەخۆشخانەی بەندیخانەکە دەگواسترێتەوە و لەوێ چاوی بە داواکاری گشتی تەورێز دەکەوێت. داواکاری گشتی تەورێز داوای لێکردووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانی تاوتوێ بکرێن. بەڵام ئەم بەندکراوە سوور بووە لەسەر ئەوەی درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.
حوسێن محەمەدیان سالی ١٣٨٣ی هەتاوی/ ٢٠٠٤ لەگەڵ هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئیسماعیل موستەخدیم بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە شاری تەورێز دەستبەسەر کرا و به‌ سێداره‌دان یان قەساس سزا درا.
بنەماڵەی ئەم دوو به‌ندکراوه‌ لە ساڵانی رابردوودا نەیانتوانیوە بنەماڵەی کوژراوەکە رازی بکەن تا سزای سێداره‌دانه‌كه‌ هەڵبوشێننەوە و لێیان خۆش بن، هەر بۆیە ئەم دۆخە تا ئێستا بەردەوامە.
لەم ماوەیەشدا ئیسماعیل موستەخدم توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە. دەگوترێت ئەم به‌ندكراوه‌ لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرە شیمیاییەکان ویستوویەتی لە به‌ندیخانه‌ رابکات بەڵام نەیتوانیوە و بەم هۆیەشەوە پرۆسەی چارەسەرکردنەکەی وەستێنراوە.