لە ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا سێ کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و پیرانشار بریندار بوون. هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە بریندار بوو.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ١٧ی خەرمانان/ 09.08 هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک ئاوایی بێتوش سەردەشت پۆلێک لە کۆڵبەرانی کورد دەدەنە بەر دەستڕێژی چەکەکانیان و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی ٢٢ ساڵان بەناوی ئازاد نەعیمی بریندار بوو. رۆژێک پێشتریش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی یوسف موستەفا پور لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت بە هۆی تەقەی هەمان هێزەوە بریندار ببوو.
بە پێی هەواڵەکان، رۆژی ١٥ی خەرمانان/ 09.06 لە ناوچەی سنوورییەکانی پیرانشار کۆڵبەرێک بە ناوی محەحەد ئەحمەدیان بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو. لە هەمان رۆژدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی رەحمەت نادریان لە کاتی کۆڵبەریدا لە ژاڵانی هەورامان لە تاریکی شەودا دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلێک و بەم هۆیەوە بریندار دەبێت.