لە رۆژانی رابردوودا چوار هاووڵاتی کورد بە بێ مۆڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، پاوە و شنۆ دەستبەسەر کران.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی سێ شەمە ۵ی خەرمانانی ١٣٨٩ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٨.٢٧ خوێندکارێکی کورد بە ناوی کارۆ کاوە کاتێک کە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە لە مەزراکەی خۆیان لە ئاوایی نێی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هەر لە ئاواییە سینا جاست هاووڵاتێکی دیکەی ئەو ئاواییە دەستبەسەر دەکەن. دەگوترێت هەر دوو هاووڵاتییە کوردەکە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هاوکات لە شنۆ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران خوێندکارێکی کوردیان بە ناوی محەمەد ئیقبال خەڵکی نەڵاس دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
محەممەد ئیقبال خوێندکاری بواری ئەندازیاریی “زانیاریی تەکنۆلۆژیا” (Information Technology) بووە لە زانکۆی فیردەوسی مەشهەد.
هەر لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد، رۆژی دووی خەرمانانی ١٣٨٩ی هەتاوی/ ٢٠١٩.٠٨.٢٤ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی سۆران عه‌زیزی خەڵکی ئاوایی زەردوویی پاوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دەستبەجێ گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرکەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کە بە مەیدان نەفت ناسراوە.
هێزە ئەمنییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییانەیان هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە.
هەفتەی رابردوو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکی تایبەتدا باسی لە دەستبەسەر کردنی پتر لە ٤٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد کردبوو کە لە ئێستادا لە دەستبەسەرگەی سنە دان و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت