شەفه‌ق رەحمانی هاوژینی کامیل ئەحمەدی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاند، هاوسەرەکەی لە ژوورە تاکەکەسییدا دەستبەسەرە و تا ئێستاش روون نەبۆتەوە چ تۆمەتێکیان بەسەردا سەپاندووە و لە  لایه‌ن چ شوێنێکیش دەستبەسەر کراوە.
کامیل ئەحمەدی لێکۆڵەری کورد و هاووڵاتی ئێرانی-بریتانی لە رێکەوتی 20 گەلاوێژی ئەمساڵەوە/ 2019.08.11 لە تاران دەستبەسەر کراوە. ئەو بە بڕیاری عەلی قەناعەت کار یەکێک لە بەرپرسانی لقی یەکی دادگایی ئێڤین دەستبەسەر کراوە.
بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەدواداچوونی بنەماڵەکەی سەبارەت بە شوێنی دەستبەسەرکرانی و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو لێکۆڵەرە کوردە تا ئێستا بێ ئاکام بووە. هەروەها رێگەش بە بنەماڵەکەی نەدراوە چاویان پێی بکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە دەزگا ئەمنییەکان رێگەشیان نەداوە کامیل ئەحمەدی پارێزەری بێت، ئەگەرچی تا ئێستا دوو پارێزەر ئامادە بوون پارێزەریی کەیسەکە به‌ ئەستۆ بگرن.
شەفەق رەحمانی کە لێکۆڵەری سیاسیشە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “لە رۆژێک پاش دەستبەسەر کردنی بەردەوام سەردانی دادگایی ئێڤینم کردووە، بەڵام هیچ کات وەڵامێکی روونیان سەبارەت بە تۆمەتەکانی و شوێنی دەستبەسەرکردنیان پێ نەداومەتەوە. لەو ماوەیەدا تەنیا چەند جارێک توانیومە چاوم بە لایەنی پەیوەندیدار لە دەزگای دادوەری پەیوەندیدار بە کەیسەکەوە بکەوێت. ئەوان تەنیا بە شێوەیەکی گشتی و ناڕوون دەڵێن تۆمەتی کامیل ئەمنییە و ئێستا ئەو لە لای یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەرە.”

دەبێ بە فارسی قسە بکات


کامیل ئەحمەدی لەو کاتەوە کە دەستبەسەرە توانیویەتی سێ جار لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەی بە تەلەفون قسە بکات. لەو گفتوگۆیانەدا کە بە وتەی خۆی بە ئامادە بوونی بازجووەکان (ئەو کەسەی کە لێپێچینەوە لە كه‌سه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌كان دەکات) ئەنجام دراوە ناچار بووە بە زمانی فارسی لەگەڵ هاوژینیه‌كه‌ی قسە بکات.
شەفەق رەحمانی لەوبارەیەوە گوتی: “سەرەڕای ئەوەیکە من و کامیل هه‌میشه‌ بە کوردی پێکەوە قسە دەکەین بەڵام ئەو لە پەیوەندییانەدا بە فارسی قسەی دەکرد. ئەو تەنیا رێگەی هەیە لەگەڵ ئالان منداڵە ساواکەمان بە کوردی قسە بکات. چونکە ئەو فارسی نازانێت.”
لە درێژەدا وتیشی:” لەو پەیوەندییە تەلەفونییانەدا باسی لە تۆمەتەکان و پرۆسەی لێپێچینەوەکان نەکرد، تەنیا وتی لە ژوورە تاکە کەسییەکاندا دەستبەسەرە و دۆخی تەندروستی باشە. لەو پەیوەندییە تەلەفونییانەدا کامیل داوای پارێزەریشی کرد.”
هاوسەری ئەو لێکۆڵەرە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە دۆخی تەندروستی کامیل ئەحمەدی داواکارییەکی بە شێوەی نوسراو داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان تا پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت. ئەو هەروەها لەو سەردانانەی بۆ ناوەندەکانی دادوەری بوویەتی داوای چاوپێکەوتنی کردووە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی دۆسییەکە رازی نەبوون و فەرمانی چاوپێکەوتنیان بۆ دەرنەکردووە.

رێگە نادەن پارێزەر داکۆکی لێ بکات


شەفەق رەحمانی سەبارەت بە دیاریکردنی پارێزەر بۆ کامیل رەحمانی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت:” داوام لە محەمەد ساڵح نیکبەخت و ئەمیر رەئیسیان کرد پارێزەری کامیل به‌ ئەستۆ بگرن. هه‌ر دوویان لوتفیان نواند و قەبوڵیان کرد. بەڵام ئەمڕۆ و پاشی هەفتەیەک سەرەنجام توانیم چاوم بە بەرپرسێکی قەزایی (بازپرس) بکەوێت، بەڵگەکانم تەسلیم کردن، بەڵام ئەوان خۆیان بوارد لە وەرگرتنیان و وتیان دەبێت پارێزەرەکان خۆیان لێرە ئامادە بن و داواکارییەکەیان کامیل رەتدەکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەفتەی پێشتر پێکەوە لەگەڵ بەڕێز رەئیسیان سەردانی دادگامان کرد بەڵام ئەوان گوتیان کە ناوی ئەو لە لیستی پارێزەرانی باوەرپێکراوی دەزگای دادوەریدا نییە تا بتوانێ دۆسیە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ.”
ئەو لیستە بە پێی بەندێکی یاسایی کە بە (تبێره ماده ۴۸ قانون دادرسی کیفری) ناسراوە، تەنیا ئەو پارێزەرانە دەتوانن پارێزەری لە دۆسیە ئەمنییەکان بکەن کە باوەرپێکراوی دەزگای دادوەری ئێرانن.

هەوڵی ئەندامانی پەرلەمانیش تا ئێستا بێ ئاکامە


جگە لەو بەدواداچوونە یاساییانەی کە لەلایەن بنەماڵەی کامیل ئەحمەدی کراوە، شەفیق رەحمانی خۆشی لێکۆڵەری زانستی سیاسییە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو بوارەدا و هەفتەی رابردوو توانیبووی هەندێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی ژنانی پەرلەمانی ئێران ببینێت. ئەو نوێنەرانە بەڵێنیان بە شەفیق رەحمانی دابوو کە بەدواداچوون بۆ دۆخی کامیل ئەحمەدی بکەن. دە رۆژ لەو دیدارە تێدەپەڕێت و واپێدەچێ ئەم بەدواداچوونانەش ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتبێتەوە.
تەییبە سیاوەشی، نوێنەری پەرلەمانی ئێران پێشتر لە وتووێژێکدا بە هەواڵنێری ئیرناپلاسی گوتبوو، ئەگەر بنەماڵە یان دۆستانی کامیل ئەحمەدی بیانەوێ، ئەوا بەدواداچوون دەکات. ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران گوتبوشی:” زانیارییەکانم هەر لەو ئاستەدایە کە لە مێدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە و هەواڵێکی تازەم پێ نییە. هەر کەسێک لە بنەماڵەکەی یا هاوڕێیانی داوامان لێ بکات ئەوا ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین. بە پێی ئەوەیکە ئێمە لەگەڵ دەزگای دادوەری، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئیتلاعات مامەڵەمان هەیە، دەتوانین داواکارییەکەیان بە گوێ بگەێنین. بەڵام تا ئێستا هیچ داواکارییەک لەلایەن بنەماڵەکەی یان هاوڕێیانی نەدراوەتە ئێمە. ئەگەر هاتن، ئەوا ئێمەش بەدواداچوون دەکەین. نەک هەر من، بەڵکوو هەموو نوێنەرەکان ئەگەر داوایان لێ بکرێت، ئەوا هەوڵی خۆیان دەخەنە گەر.”

“چیرۆکی شاری مەمنوع کراو” (لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە LGBT لە ئێران). لێکۆڵینەوەی چیرۆکی شاری مەمنوع کراو لە رۆژانی رابردوو لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “مێهر” لە لەندن بڵاوکراوەتەوە.


کامیل ئەحمەدی لە دایک بووی شاری مهاباد و هاووڵاتی ئێرانی – بریتانی و دانیشتووی تارانە. لە ساڵانی رابردوو سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی “خەتەنەی ژنان”، “منداڵ هاوسەریی” و “هاوسەرگیری سپی” لە ئێران بووە.
لێکۆڵینەوەکانی کامیل ئەحمەدی لە ساڵانی رابردوو لە ناوەندە دەوڵەتییەکانیش کەڵکی لێوەرگیراوە و بەم دواییانە سەرقاڵی دوو لێکۆڵینەوە بووە بە ناوەکانی “لە سنوورەوە تا سنوور” (لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە ناسنامە و نەتەوە لە ئێران) و “چیرۆکی شاری مەمنوع کراو” (لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە LGBT لە ئێران). لێکۆڵینەوەی چیرۆکی شاری مەمنوع کراو لە رۆژانی رابردوو لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی “مێهر” لە لەندن بڵاوکراوەتەوە.
هەروەها ئەم لێکۆڵەرە کوردە لە ساڵانی رابردوو بە هۆی لێکۆڵینەوە و چالاکییەکانی لە بوای خەسارە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە “رەگەز”، “منداڵان” و “کەمایەتییەکان” خەڵاتی ئەدەب و زانستی مرۆیی ناوەندی جیهانی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆن پێبەخشرا.