چوار ساڵ بەسەر ئیعدام کردنی بێهروز ئاڵخانی زیندانی سیاسی کورددا تێپەڕی. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر وردەکاری دۆسیەکەی لە دەستبەسەر کردنییەوە تا ئیعدام کردنی و هەروەها ئەسپەردە کردنی بە نهێنی لە بەشی فارسی بڵاوکردبوویەوە. بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ئیعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە هەندێک لایەنی شاراوەی دۆسیەکە بە کوردی و لە توێی راپۆرتێکدا لێرەدا بڵاودەکرێتەوە.

چۆنێتی دەستبەسەر کردنی و پرۆسەی دادگا


بێهروز ئاڵخانی لە دایک بووی ساڵی 1984ی هەتاوی/ 1984 و دانیشتووی شاری سەلماس لە رێکەوتی شەشی رێبەندانی ساڵی 1388/ 2010.01.26 لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ ورمێ.
بنەماڵەکەی تا چوار رۆژ هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی رۆڵەکەیان لە بەردەستدا نەبوو. رۆژی 10ی رێبەندان چەند کەسی سەر بە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی بێهروز و ماڵەکەی لە شاری سەڵماس دەپشکنن. هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەی رادەگەێنن، کورەکەیان بە تۆمەتی گواستنەوە و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان (ئەلکۆل) دەستبەسەر کراوە. لەو کاتەوە بێهروز ئاڵخانی بۆ ماوەی 15 مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و خۆی بە بێ ئەوەی مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێت، دەستبەسەر دەبێت. لەو ماوەیەدا تۆمەتی هاوکاری پڕاوپڕی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و تیرۆری داواکاری گشتی خۆی بەسەردا دەسەپێنن و لەو بارەیەوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکەن. بەڵام ئەو هیچ کات نەچووە ژێر باری ئەو تۆمەتە کە دەستی لەو روداوەدا بوبێت.
پاش 15 مانگ، ئەو زیندانییە سیاسییە گواسترایەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندی ورمێ و بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات نزیک چوار مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەشە ڕاده‌گیرێت. پاشان بێهروز ئاڵخانیان گواستەوە بۆ بەندی تاواناکانی پەیوەست بە مادە سڕکەرەکان. ئاڵخانی بە هۆی 19 مانگی تاقەت پڕوکێن لە ژوورە تاکەکەسییەکان، کەوتبووە دۆخێکی دژواری روحییەوە و رێگەشی پێنەدەدرا سەبارەت بە بارودۆخی خۆی لەگەڵ زیندانییەکانی دیکە بدوێت. پاش ئەو 19 مانگە و بۆ جاری یەکەم بێهروز لە زیندانی ناوەندی ورمێ توانی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. لەوێ ئەشکەنجەگەرانی ئاڵخانی ئامادە بوون و چاودێری چاوپێکەوتنەکەیان کرد.
سەرەنجام لە رێکەوتی 23ی رەزبەری 1390ی هەتاوی/ 2011.10.15 دادگایی کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە بە بێ بوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی چابۆک بەرێوەچوو. لەو دادگاییەدا تۆمەتی موحارەبە واتە دژایەتی خودا لە رێگای هاوکاری پڕاوپڕی پەژاک، هەڵگرتنی چەک و تیرۆری داواکاری گشتی خۆی بەسەردا سەپا. لەو دادگایەدا سەرەڕای ئەویکە هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەو نەبوو بە تۆمەتی کوشتن و موحارەبە، بە ئیعدام و هەروەها هەڵگرتنی چەک بە 10 ساڵ زیندان مەحکوم کرا. ئەو سزایە دواتر لە زیندان بە شێوەی نوسراو بەو راگەێنرا.
لە دادنامەیەک کە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێوە دەرچووبوو، هیچ بەڵگەیەک نەبوو کە بیسەلمێنێ ئاڵخانی دەستی بووە لەو تۆمەتانەی کە بەسەریدا سەپابوو. تەنیا باس لەوە کرابوو کە زیندانییەک کە هاودۆسیەی ئالخانی بووە، باسی لەوە کردوە کە شەوی کوژرانی داواکاری گشتیی خۆی، ئەو پەشۆکاو و هەڵچوو بووە و لەو شەوەدا بە پێچەوانەی هەمیشە کەمی نان خواردووە. ئەمە هەموو ئەو بەڵگەیە بووە کە لەسەر ئاڵخانی بوویانە.

ئاماژه‌دان به‌ قسه‌كانی دایكی كۆژراوه‌كه‌ له‌ حوكمی دادگا


کەس و کاری داواکاری گشتییەکەی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نەبوو و ئاڵخانیش دانی بە تاوانەکان دانەنابوو و تۆمەتەکانی رەتکردبووەوە لە هیچ کام لەو کاتانەی بۆیان دیاریکرابوو لە دادگا ئامادە نەبوون. ئەوان هیچ داواکارییەکیشیان وەکوو تۆڵەی کوشتن (قصاص) نەدایە دادگا.
مەعسومە تەنها، دایکی کەسی کوژراوەکە، لە نوسراوێکدا کە دابوویە دادگا، کە دواتر لە دادنامەی لقی 14ی دیوانی باڵاشدا باسی کرابوو، رایگەیاندبوو: ’’بە لەبەرچاو گرتنی بەرگرییەک کە تۆمەت باری سەرەکی لە خۆی کردوویەتی و هەروەها ناوەڕۆکی دۆسیەکە، ناتوانم داوای قصاص واتە تۆڵەی کوشتن بکەم. چونکە ناوەڕۆکی دۆسییەکە لەلای من لاوازە. ئەگەرچی رێزم هەیە بۆ لێکۆڵینەوەکان و سیستەمی ئەمنی. بەڵام ئەمانە ناتوانێ رازیم بکات.’’
لە رێکەوتی 17 رێبەندانی ساڵی 1392ی هەتاوی/ 2014.01.07 لقی دووی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ سزای دیاریکراوی وەکوو خۆی پشتڕاست کردەوە. پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرەکە، دۆسیەکە درایە لقی 14ی دیوانی باڵای وڵات. لە کاتێکدا هێشتا بڕیاری کۆتایی دیوانی باڵای وڵات رانەگێنرابوو، کاتژمێر یەکی نیوەشەوی چواری خەرمانانی 1394ی هەتاوی/ 2015.08.26 بێهروز ئاڵخانی لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە سێدارە درا.

جێبەجێ کردنی حوکمی ئیعدام و ئەسپاردەکردنی بە نهێنی


ئەندامێکی بنەماڵەی ئاڵخانی رۆژێک پێش ئەوەی حوکمەکە جێبەجێ بکرێت و بۆ دواهەمین جار چاوی بە بێهروز کەوتبوو بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: ’’دوانیوەڕۆی رۆژی سێی خەرمانان وێڕای بنەماڵەی پێنج زیندانی کە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە مادە سڕکەرەکان حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپابوو و گواسترابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی تاکوو ئیعدام بکرێن، توانیمان چاومان بە زیندانییەکان بکەوێت. بارودۆخی رۆحی بێهروز لەو چاوپێکەوتنەدا ئاسایی بوو. لەو چاوپێکەوتنەدا جارێکی دیکە بێهروز باسی لە ناعادڵانە بوونی دادگا و کۆی پڕۆسەکە کرد. باقی بنەماڵەکانی دیکە لە هۆڵی چاوپێکەوتن بوون و دوا دیداریان لەگەڵ رۆڵەکانیان دەکرد. لە پڕ مەئمورەکانی زیندان هاتن بۆ لای بنەماڵەکەی ئێمە و بێهروزیان لەگەڵ خۆیان برد بە بێ ئەوەی رێگە بدەن قسەکانی تەواو بکات. گرتیان و رایانکێشا و بردیان. ئەم کردەوەیە بووە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوان ژنان و مەئمورانی زیندانەکە. شوشەی هۆڵی چاوپێکەوتن لە دەرەنجامی ئەو گرژییەدا شکان. دواجار یەکەی تایبەت و مەئمورێکی زۆری زیندان رژانە هۆڵەکەوە و توانیان بنەماڵەکەی ئێمە ببەنە دەرەوەی هۆڵەکە.’’
ئەو لە درێژدا وتیشی: ’’نزیک کاتژمێر یەک بوو، بنەماڵەی ئێمە و پێنج زیندانییەکەی دیکە لە مەیدانێکی تەنیشت زیندانەکە کۆببوینەوە. لەوێ ئێمە ئاگادار کراینەوە کە حوکمەکان جێبەجێ کراون. هەر پێنج بنەماڵەکە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رۆڵەکانیان بانگ کران بەڵام بە ئێمەیان راگەیاند بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی بێهروز پێویستە نامەی داواکاری گشتیتان پێ بێت. بەیانی لەگەڵ باوکی بێهروز سەردانی داواکاری گشتیمان لە ورمێ کرد تا تەرمی بێهروز وەربگرینەوە. لە داواکاری گشتی پێیانڕاگەیاندین بە هۆکاری ئەمنی ناتوانین تەرمی بێهروز بدەینەوە بنەماڵەکەی. بەڵام لەوێ باوکیان دڵنیا کردەوە کە تەرمی رۆڵەکەی شۆراوە و بە پێی سونەتی ئیسلامی ئەسپەردە کراوە.’’
بنەماڵەی ئاڵخانی سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنی ئەسپەردەکردنی رۆڵەکەیان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان گوت: ’’پاش تێپەڕینی پێنج رۆژ و لە رێگەی ناسیاوەکانمانەوە لە ورمێ، ئاگادار کراینەوە کە تەرمی بێهروز لە شوێنێک نزیک گۆڕستانی باغ رزوانی ورمێ ئەسپەردەی خاک کراوە. وێڕای کۆمەڵێک لە ئاشنایان سەرەنجام لە شەوی شەشەمدا توانیمان شوێنی ئەسپەردە کردنی بێهروز لە دووری نزیک 500 مەتری گۆڕستانی باغ رزوان بدۆزینەوە. ئەو شوێنە پڕ بوو لە زبڵ. دیار بوو بە بۆڵدزێر گلیان بەسەر چاڵێکدا رۆ کردبوو.’’
لە درێژەدا وتیشی: ’’ کاتێک گڵەکەمان هەڵدایەوە و زەوییەکەمان هەڵکەند، تەرمەکەی بێهروزمان بە هەمان ئەوە جلەوە دۆزییەوە کە رۆژێک پێش ئیعدامەکەی لە هۆڵی چاوپێکەوتن بينيبوومان. ئەویان خستبووە چاڵێکی دوو مەترونیویەوە. سەریان بە کراسەکەی داپۆشی بوو. کە هێنامانە دەروە بینیمان بە ئەسید (تێزاب) قاچیان سووتاندووە.’’
بنەماڵەی ئاڵخانی، تەرمەکەی بێهروز بەوە شەوە تاریکە دەگوازنەوە بۆ شوێنێکی ئەمن و لەوێ پاش شۆردنی تەرمەکە ئەسپەردەی خاکی دەکەن. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر لەلایەن داواکاری گشتی ورمێوە دڵنیایی درابووە باوکی کە تەرمەکە پاش شۆردن و بە جێگەیاندنی نەریتە ئایینیەکان لە شوێنێکی ئەمن ئەسپەردە کراوە.

جێبەجێ کردنی حوکمەکە پێش پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای وڵات


پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە ئیعدامی بێهروز ئاڵخانی، پارێزەرەکەی لە پەیوەندییەکدا بە بنەماڵەکەی راگەیاند بڕیارەکە بە شێوەی نووسراو لەلایەن دیوانی باڵاوە دەرچووە. لەو بڕیارەدا، رێکەوتی داڕشتنی دادنامەکە 31ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی/ 2015.09.22 یانی چوار رۆژ پێش جێبەجێکردنی حوکمی ئیعدامەکە بووە. بەم شێوەیە حوکمی ئیعدامی بێهروز ئاڵخانی پێش ئەوەی پشتڕاست بکرێتەوە و رابگەێنرێت، جێبەجێ کراوە. دەقی دادنامەکە بە شێوەی رەسمی پاش تێپەڕینی سێ مانگ لە جێبەجێکردنی حوکمەکە بە پارێزەرەکەی و بنەماڵەکەی راگەێنرا.