بەرەبەیانی دوێنێ ٣ی خەرمانان ١٣٩٨ی هەتاوی/ 2019.08.25 بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرزاییەکانی نزیک ئاوایی سەرتەزێنی بانە، کۆڵبەرێک کوژرا و یەکی دیکەش لە ناوچە سنورییەکانی خۆی بریندار بوو. هەروەها رۆژی یەکی خەرمانان لە ناوچەی قەتوری خۆی بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە کۆڵبەرێک بریندار بوو.
بە پێی هەواڵێک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، عەبدولسەلام ئەمینی خەڵکی ئاوایی نەنوری بانە لە بەرزاییەکانی سەرتەزێنی ئەو شارە دەکەوێتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی لە دەست دەدات. دەگوترێ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی نزیکەوە و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، تەقە لەو هاووڵاتییە کوردە دەکەن.
هاوکات لە ناوچە سنوورییەکانی شاری خۆی، کۆڵبەرێک بە ناوی عادل ئەمومی بەدەرش خەڵکی ئاوایی کرکوش بە هەمان شێوە دەکەوێتە بەر پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بریندار دەبێت. هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەر بەوەش ناوەستنەوە و لەو روداوەدا ئەسبی ئەو کۆڵبەرەش دەکوژن.
بە پێی هەواڵێکی دیکە کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، رۆژی یەکی خەزەڵوەر هێزەکانی تورکیە لە ناوچەی سنوورییەکانی قەتوری سەر بە شاری خۆی تەقە لە پۆلێک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەکەن کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی نورعەلی عەبدوڵلاهی خەڵکی ئاوایی گیوار بریندار دەبێت. دەوترێ ئەو کۆڵبەرە فیشەک بەر ژێر گوێی کەوتووە و باری تەندروستی نالەبارە و تا ئێستا لە کۆمادایە و وەهۆش خۆی نەهاتۆتەوە.

عەبدولسەلام ئەمینی