لە مانگی گەلاوێژی رابردوو پێنج کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و لانیکەم ١٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها کۆڵبەرێکیش بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی ناوچەی هەورامان بریندار بووە.
بە پێی هەواڵێک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە رۆژانی رابردوودا و لە درێژی کوشتنی کاسبکار و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، دوو کاسبکاری کورد لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.
بە پێی ئەم هەواڵە رۆژی ٣٠ی گەلاوێژ/2019.08.22 لە ئاکامی دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی سادق ئورزای خەڵکی ئاوایی برادۆمی سەر بە ورمێ و ناسر نوری لە بەرزاییەکانی ناوچەی شنۆ بریندار بوون.
زۆرجار کوژران و بریندار کردنی بەردەوامی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد بە سیستەم کراو و بەرنامە بۆدارێژراو دژ بە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان ناو دەبرێ کە ئەمەش ساڵانە گیان لە دەستدان و بریندار بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.