دە رۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەرکەوت گودەرزی هاووڵاتی کورد تێدەپەڕێت و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری کامیاران بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “رۆژی چوارشەممە ۱۶ی گەلاوێژ (حەوتی ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەرکەوت گودەرزی لە شاری کامیاران و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، ئەویان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گۆاستۆتەوە.”

هەر بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لە ماوەی دە رۆژی رابردوو، چەندین جار بنەماڵەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و کامیارانیان کردووە و خوازیاری روون بوونەوەی چارەنووسی رۆڵەکەیان بوون بەڵام تا ئێستا ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ زانییارییەکیان نەداوەتە ئەو بنەماڵەیە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: “هێزەکانی ستادی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە دایکە بەساڵاچووەکەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان راگەیاندووە کە کوڕەکەیان بۆخۆی نایهەوێت ئازاد ببێت، چوونکە هیچ شتێک نادرکێنێ.”

بە پێی زانیارییەکان جگە لە سەرکەوت گودەرزی هەشت هاووڵاتی دیکەی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی منەت رەحمانی، سیروان ئیبڕاهیمی، بورهان کەمانگەر، ئارمان قۆیتاسی، سیروان مورادی، رەفیق کاکی، بێهزاد کەمانگەر و محەممەد خاتری لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا بەندکراون.
هەروەها هەفتەی رابردوو سێ هاووڵاتی دیکە هەر لە شاری کامیاران بە ناوەکانی حوسێن کەمانگەر، باسام مورادی و خالید زەمانی لە دەسبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات سنە و کامیارانەوە گواسترانەتەوە بۆ زیندانی کامیاران.