بیست و پێنج رۆژ بەسەر مانگرتنی مستەفا سەبزی زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ تێپەڕی و پاش ئەوەی شەوی رابردوو لە هۆش خۆی دەچێت لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندانەکە.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد بە هۆی دابه‌زینی زه‌ختی خوێن لە هۆش دەچێت. ئەگەرچی پزیشکی نەخۆشخانەی زیندان، دۆخی تەندروستی مستەفا سەبزی مەترسیدار راگەیاندووە، بەڵام ئەو خۆی لە لێدانی سێرۆم بواردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد لە رۆژی یەکی گەلاوێژەوە مانی لە خواردن گرتووە و داوا دەکات بگوازرێتەوە بۆ زیندانی ماکۆ واتە شوێنی نیشتەجێ بوونی. تا ئێستا بەرپرسانی زیندان خۆ دەبوێرن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکەی و هەر بۆیە بەردەوامە لە مانگرتن.

هەر بە پێی زانیارییەکان، جێگری سەرۆکی زیندان، لە نەخۆشخانەکە چاوی بە مستەفا سەبزی کەوتووە و پێی راگەیاندووە بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونەکەی پێویستە مانگرتنەکەی بشکێنێت، بەڵام ئەو زیندانییە سیاسیە رایگەیاندووە تا ئەو کاتەی نەگوازرێتەوە لە مانگرتن بەردەوام دەبێت.

شایانی باسه‌ مستەفا سەبزی ،۲۴ساڵان، هاوڵاتی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ ساڵی۹۳ی هەتاوی لە یەکێ لە گوندەکانی دەوەری شاری ورمێ لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌منییه‌تییه‌ له‌ ژێر زەختی لێپرسین و لێکۆڵینەوە بووە.ئەو پاش کۆتایی هاتنی خولی لێپرسینەوەی گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و پاش چەند مانگ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ١٥ ساڵ به‌ندكرانی بە سەردا سەپاوە و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەی ورمێه‌وە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

مستەفا سەبزی وێڕای سێ زیندانی سیاسی دیکەی کورد بە ناوەکانی رەحمی تورگوت، بەشیر پیرماوانە و قادر سەلیمی لە ٢٥ رۆژی رابردووەوە دەستیان داوەتە مانگرتن و دەوترێت دۆخی تەندروستی ئەوانیش ناجێگیرە.

لە لایەکی دیکەوە کامران دەروێشی زیندانی سیاسی کورد لە رۆژی چوارشەمەی رابردووەوە لێوی خۆی دووریوەتەوە و دەستی داوتە مانگرتنی وشک.