رۆژی ٢٤ی گەلاوێژ عادڵ سالم فەرد هاووڵاتی کورد کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو، پاش دوو مانگ بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە.

بە پێی زانیارییەکانی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ رۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٨ هەتاوی (مانگی شەشی ٢٠١٩) وێڕای هاوولاتییەکی دیکە بە ناوی جوبرەئیل سالم فەرد لەلایەن هێزەکانی سه‌ر به‌ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه‌ لە شنۆ دەستبەسەر کرابوو.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن جوبەرەئیل سالم فەرد پاش چەند کاتژمێر لێکۆلێنەوە ئازاد کراوە، بەڵام عادل سالم فەرد بۆ لێپێچینەوە رەوانەی ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ٨١ی رەمەزان کراوە کە ئێستا ئەو شوێینه‌ لە ژێر کۆنترۆڵی بەشی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ زانیویەتی عادڵ سالم فەرد پاش دوو مانگ لێپرسینەوە ئێستا رەوانەی زیندانی ناوەندی ورمێ کراوە و لەگەڵ زیندانیانی ئاسایی لە بەندی سێ و چوار دەستبەسەرە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دانیشتووی میرائاوای شاری شنۆیە و دەرچووی بواری یاسایە لە زانکۆی پەیامی نوری مهاباد.

عاڵ سالم فەرد پێشتریش لە گەلاوێژی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) دەستبەسەر کرابوو. ئەو کات ئەو هاوولاتییە کوردە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو