کامڕان دەروێشی زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ مانگرتنی وشکی راگەیاند. ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد لە رۆژی ٢٢ی گەلاوێژەوە لێوی خۆی دووریوەتەوە و داوا دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەی کامڕان دەروێشی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاند: “ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد رۆژی سێشەممە ۲۲ی گەلاوێژ (١٣ی تەباخی ٢٠١٩) نامەی مانگرتنی داوەتە بەرپرسانی زیندان و بە رەسمی مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووە.” ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کامڕان دەروێشی لێوی خۆی دووریوەتەوە و داوا دەکات دەستبەجێ ئازاد بکرێ.
بە پێی زانیارییەکان، کامڕان دەروێشی لە کۆی پێنج سال حوکمی زیندان، زیاتر له‌ سێ ساڵی تەواو کردووە و بە گوێرەی بەڵگە پزیشکییەکان بواری تەندروستی جێگیر نییە و توانای مانەوەی لە زینداندا نەماوە. هەر بۆیە خوازیاری ئەوەیە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
هەر بە پێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی زیندان تا ئێستا هیچ بایەخێکیان بە داخوازییەکانی کامڕان دەروێشی نەداوە.
کامڕان دەروێشی، هاوڵاتی كوردی دانیشتووی شاری ورمێ ۱۳ی گوڵانی۱۳۹۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ورمێ دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ژیر لێپرسینەوەدا بووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو هاووڵاتییە کوردە خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتی قازی شێخلو بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەل حیزبە کوردستانییەکان بە پێنج ساڵ زیندان مەحکوم کرا.

دەگوترێ ئەو زیندانییە سیاسیە پێشتریش لە ساڵی١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠٠١ زایینی) بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم ببوو و پاش تێپەڕ کردنی سێ ساڵ، بە مەرج لە زیندان ئازاد کراوه.

شایانی باسه‌ هەر ئێستا چوار زیندانی سیاسی دیکەش لە بەندی زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.