شاپوور سۆفیزادە، هاوڵاتی خەڵکی شاری ورمێ لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو. ڕۆژی ڕابردوو بە بڕیاری دەستبەسەری کاتی بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ گواستراوه‌ته‌وه‌.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەدەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ناوبراو ڕێکەوتی ۹ی مانگی پووشپەڕ، 30/06/2019، لە لایەن هێزەکانی رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداڕان دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە هەڵکەوتوو لە پادگانی ئەلمێهدی سپای پاسدارنی ورمێ گواستراوەتەوە.

شاپوور سۆفیزادە لەو ماوەیە بە تاوانی هاریکاری پاڕتێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورد لێی کۆڵیونەتەوە. ڕۆژی ڕابردوو، ڕێکەوتی ۷ی مانگی گەلاوێژ، 29/7/2019، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ بردویان. ئەو هێشتا لە بەندی زیندانییە ئاساییەکاندا ڕاگیراوە