“زارا محەممەدی”، “مینەت رەحمانی” و “سیروان ئیبڕاهیمی” سێ ئەندامی ڕێكخراوی کولتووری-کۆمەڵایەتی “نۆژین” هێشتا لە دەستبەسەری کاتی و لە ژێر گۆشاری لێپرسینەوە دان.

لەم بارەوە سەرچاوەیێکی ئاگادار لە شاری سنە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت، “زارا محەممەدی” بۆ وەرگرتنی درکاندنی زۆرەملی و ئەنجامدانی وتووێژی تەلەفزیۆنی لە ژێر گوشار و هەڕەشە دایە. ئەو چالاکوانە مەدەنییە، کە رۆژی ۵ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ/ 26.05.2019 لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پارێزگای سنە دەستبەسەر کرابوو، ئێستاشی لەگەڵ بێ لە ناوەندی پەروەردە و چاککردنەوەی ئەو پارێزگایە سنە ڕاگیراوە، بەڵام رۆژانە بۆ ئەوەی لێی بکۆڵنەوە دەیبەن بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی پارێزگای سنە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها له بارەی دۆخی “مینەت رەحمانی” و “سیروان ئیبڕاهیمی” دەشڵێت، “ئەو دوو ئەندامەی دیکەی کۆمەڵەی نۆژین کە ٥ی پووشپەڕ/ 26.06.2019 لە کامیاران دەستبەسەر کرابوون، هێشتا لە پەیوەندی تەلەفوونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەیان بێبەشن و لە گرتووخانە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە ژێر لێپرسینەوە دان.

کۆمەڵەی کلتووری- کۆمەڵایەتی نۆژین، دامەزراوەیێکی مەدەنییە کە بە فەرمی لە لایەن وزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ چالاکی ڕێگەی پێدراوە و جەوازی هەیە. ئەم کۆمەڵەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شارە جیاجیاکانی کوردستاندا لەمەڕ فێرکاری زمانی کوردی چالاک و فەوری هەبووە. ئەو دامەزراوە مەدەنییە هەروەها لە مانگەکانی ڕابردوودا بۆ یارەمەتیدان بە لێقەوماوانی لافاوەکەی پارێزگای لۆڕستان دەوری چالاکی هەبوو