لەگەڵ ئەوەی دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵ و بەربڵاوی هاوڵاتییانی کورد لە شارەکان و گوندەکانی کوردستان پەڕەی ستاندووە، هەواڵەکانی گەیشتوو لە شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشان ئەوە دەردەخەن کە لانیکەم بیست هاوڵاتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە ناوچەی (ڕێژاوی) ئەو شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو زانیاریانه‌ی بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە هەتا ئێستا لانیكه‌م بیست كه‌س لە هاوڵاتییانی دانیشتووی ڕێژاو (ریجاب) و گوندەکانی دەوروبەری کە زۆربەیان گەنجن، بە بیانووی جیاواز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەزگای پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە دوو شێوازی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی دەستبەسەر کراون. دەسبەسەرکراوان هەموویان بۆ گرتووخانە ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان و زیندانی دیزڵ ئاوای کرماشان براون. هەمووی ئەو گیراوانە لەو ماوەیەدا له مافی ئەوەی کە بنەماڵە و خێزانییان ببین بێبەش بوونە.

تاکوو ئێستا هیچ تاوانێکی دیاریکراو دژ بە هیچ یەک لەو گیراوانە بە شێوەی فەرمی ڕانەگەیاندراوە، بەڵام کاتێ بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان سەردانی ناوەندەکانی داد، بەرپرسی سەرەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی داڵاهۆیان کردوو پێیان وتراوە تاوانی ئەوان “محاربە”، مفسد فی الارض”ە و هەروەها گیراوانییان بە “دژبەر”، “دوژمن” و “شەڕخواز” نێودێر کراون.

کاوە کرماشانی وتەبێژی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە بواری دارشتنی ئەو تاوانانە دەڵێت “لە یاسای سزادانی ئێراندا هیچ پێناسیێکی دیاریکراو لە دەستەواژەی “شەڕخواز” یا “معاند” بوونی نییە. ئەوەی ڕاستی بێ کەڵک وەرگرتن لەو چەشنە بابەتانە لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیایی حکومەتی ئیران بۆ کەسانێکە کە ئاسایشی نێۆ کۆمەڵگا بخەنە مەترسییەوە (اشرار یا شەڕخواز) و کەسانێک کە بەرامبەر بە نیزامی ئیسلامیدا ڕادەوەستن وەک دوژمن سەیر دەکرێن (معاندان). بەڵام لەو خاڵەدا و لە سەر ئەو کەسانەدا لێکۆڵینەوەکانی ئێمە نیشانی داوە کە تەنانەت سکاڵایەکیش لە لایەن دانیشتوانی گوندەکانی نیشتەجێی ئەو کەسانە دژ بەوان تۆمار نەکراوە و هەر وەک کەسانێکی ئاسایی کۆمەڵگا خەریکی ژیان و کار کردنی خۆیان بوونە”.

وتە بێژی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بەڵام بانگهێشتی دادستانی دادگای شۆڕشی ئیسلامی داڵاهۆی لە سەر تاوانی “محاڕەبە” و “ئیفساد فی ئەرزی” زۆر قوورس و نامۆ دەزانێ”. لە راستیدا لەو قۆناخەی پرۆسەی مافەکان کە تاوانبار هێشتاش لە دەست دامەزراوە ئەمنییەکان دایە و لە دادگادا ئامادە نەبوو، داڕشتنی تاوانی ئاوا قوورس کە دەتوانێت سزای سێدارەی پێوە بێت، زیاتر لەوەی کە فۆڕمێکی یاسایی هەبێت، وادەبینرێ بۆ سازکردنی ترس و دڵەڕاوکە لە ناو کۆمەڵگا دەکاردێت. دەنگۆی ئەوەی هەیە لە شاری رێژاوا و گوندەکانی شوێنی دەستبەسەری ئەو کەسانە دۆخی تەواو ئەمنییەتی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بووە بە شێوەیەک کە هیچ کەس ئامادە نییە هیچ جۆرە زانیاریێک لە سەر دۆخی دەستبەسەربووان بدات.

بڕگەی ۲۸۶ی یاسای سزادانی ئیسلامی “ئیفسادی فی ئەرزی” بەو جۆرە پێناسە کردووە، “هەر کەس بە شێوازێکی بەربڵاو، دژ بە جەستەی کەسەکان جینایەت بکا، تاوانگەلی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بڵاوکردنەوەی درۆ، شێواندنی سیتسمی ئابووری وڵات، سووتاندن و خاپوورکردن، بڵاوکردنەوەی کەرەسەی سەمی و میکڕۆبی مەترسیدار یا بڵاو کردنەوەی ناوەندکانی خراپکاری یان بەشداری کردن بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی شێواندنی بەرفراوانی دیسپلینی گشتی وڵات، نائاسایی یان لێدانی خەسار و زیانێکی زۆر بە تەواوەتی ئەندامی کەسەکان یان مڵک و ماڵی گشتی یان تایبەتی، یان ببێتە هۆی بڵاو کردنەوەی فەساد و خراپەیەکی زۆر بەربڵاو، “مفسد فی الارض” دەژمێردرێ و بە سێدارە سزا دەدریت”.

ناوی تاقمێک لە دەستبەسەربووان و ئەو ماوەەی بە سەر دەستبەسەربوونیان تێپەڕ دەبێت، بە پێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بەو شێوەیە:

۱.عەدنان تەهماسبی، زیاتر لە حەوتەیێک
۲.رزگار ئیبڕاهیمی، زیاتر لە حەوتەیێک
۳.یەحیا مستەفایی، زیاتر لە حەوتەیێک
۴.یاسر دارابی، زیاتر لە دوو حەوتە
۵.پەیمان محەممەدی، نزیکەی مانگێک
۶.پووریا عەزیزیانی، نزیکەی مانگێک
۷.شەمسەدین قادری، نزیکەی دوو مانگ
۸. ئیمان ساڵحی، نزیکەی دوو مانگ
۹.یەعقووب ئەڵماسی، نزیکەی مانگێک
۱۰.هەمزە محەممەدی، نزیکەی دوو مانگ
۱۱. عەلیڕەزا محەممەدی، نزیکەی دوو مانگ
۱۲.عومڕان دارابی، نزیکەی دوو مانگ
لەو چەند مانگەی دواییەدا دەیان هاوڵاتی و چالاکوانی کورد له شارە جیاجیاکانی کورستان وەکوو سنە، مەریوان، ورمێ، مهاباد، سەقز، کامیاران، سائین قەڵا و تیکاب و ….. لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. تۆڕی مافی مرۆڤی کوڕدستان حەوتەی پێشوو ئەوەی ڕاگەیان کە تەنیا لە پووشپەڕی ئەمساڵ لانیکەم ۳۴ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون. ئەو ڕێژەیە لە شەش مانگی ڕابردوو زیاتر لە سەد کەس دەبێت.
رێژە و شێوەی دەستبەسەرکردن کە زیاتر بە شێوەیەکی جەماوەری ئەنجام دراوە، خەبەری شەپۆڵێکی نوێی زەخت و گوشارە لەسەر هاوڵاتییان و چالاکوانی کورد، و هەروەها ملیتاریزە کردن و ئەمنییەتی کردنی کوردستانە. لە لایەکی دیکەوە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا سپای پاسداڕانی ئێران چەند جار بنکە و بارەگاکانی پاڕت ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تۆپباران کردووە کە بۆتە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی تاقمێک لە ئەندامانی ئەو حیزبانە