حوسێن کامەنگەر چالاکوانی سیاسی کورد کە بۆ ماوەی حەوت مانگە بە بێ دیاریکردنی چارەنووسی وی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان ڕاگیراوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ڕاگیرانی بێ ئەوەی چارەنووسی دۆسیه‌كه‌ی یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و هەروەها بەرامبەر بەو زەخت و گۆشارەی لە سەرە بۆ وەرگرتنی دانپێیانانی زۆرەملی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە شاری کامیاران بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت، “لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا بنەماڵە و کەس و کاری حوسێن کەمانگەر لە بەردەم ستادی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کۆ بوونەوە و خوازیاری ئاگاداری لە چارەنووسی ناوبراو بوون. لە کۆتاییدا رۆژی رابردوو پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایێکی تر، یەکێك له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ئەو چالاکوانە کوردە بانگهێشتی ژووری ستادی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعات دەکرێت و یەکێ لە لێپرسراوە ئەمنییەکان پێی ڕادەگەیێنێ کە بەرێز کەمانگەر لە ڕێکەوتی ۲۷ی مانگی پووشپەڕەوە لە مانگرتن دایە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لێپرسراوە ئەمنییەکان بانگهێشتی ئەوە دەکەن کە “حوسێن کەمانگەر” لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی کامیاران گواستراوەتەوە و بەم زووانە ڕێگەی ئەوەی پێ دەدرێ لەگەڵ بنەماڵەی پێوەندی تەلەفوونی هەبێت. هەروەها داوایان لە بنەماڵەی ناوبراو کردوو تا به‌رێز كه‌مانگه‌ر رازی بکەن دەست لە مانگرتن هەڵگرێت دەنا تووشی کارەساتێکی قوورس دەبێت.

ئەگەر چی لێپرسراوە ئەمنییەکان دەڵێن، حوسێن کەمانگەر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی شاری کامیاران بەڵام لە ۱۷ی رێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیار بووە و هیچ زانیاریێک لە بارەی ناوبراوەو لە بەردەستدا نییە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا “نەسرین نەقدی” و “ناهید کەمانگەر” هاوژین و منداڵی ئەو چالاکوانە کوردە زۆر جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران بانگهێشت و لێپرسینەوە کراون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، وێدەچێت کە حوسێن کەمانگەر لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات بۆ وەرگرتنی ئیعترافی زۆرەملی لە بارەی بەشداربوونی لە کوشتنی لێخوڕی ماشێنی ئامبوڵانسی مانگی سووری شاری کامیاران، کە پووشپەڕی ساڵی رابردوو لە ئەنجامی تەقە لێکردنێکدا کوژرا، کەوتۆتە ژێر زەخت و گوشار.

حوسێن کەمانگەر لە ڕێکەوتی ۱۵ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە جەرگەی گرتنی بە کۆمەڵی چالاکوانانی ژینگە پارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی “پاڕتی یەکیێتی نەتەوەیی” لە شاری کامیاران دەستبەسەر کرا. تاقمێک لەو گیراوانە دوای چەند مانگ بە دانانی بارمتەگەلی قوورس ئازاد بوون، بەڵام ئەو چالاکوانە کوردە لەگەڵ دوو هاووڵاتی تری کامیاران بە ناوەکانی “خالید زەمانی” و “باسام مورادی” هێشتا دەستبەسەر ڕاگیراون.