دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ هاووڵاتیێکی کوردی بە تاوانی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” لە دوو دۆسیەی جیاجیادا به‌ دە ساڵ زیندانی مه‌حكووم كرد.

سەرچاوەیێکی ئاگادار بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وت: “محەممەد میرزایی کە پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتێکی ئۆپۆزیسۆنی کورد بووه‌ و ساڵی ۹۶ دوای وەرگرتنی ئەماننامە لە سپای پاسدارانی ئێران گەڕابووەوە بو شاری ماکۆ، مانگی رەزبەری(  مانگی نۆی ٢٠١٨) ساڵی ڕابردوو لە لایەن رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداڕان دەستبەسەر دەکرێت. ناوبراو بۆ ماوەی ۶۵ رۆژ لە ژێر زەختێکی زۆر و لێپرسینەوە دەبێت و لە کۆتایی خولی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ ملوێنی ئازاد دەکرێ”.

بەپێی سەرچاوەی ناوبراو ئەو هاووڵاتییە کوردە سەر لە نوێ ڕێکەوتی ۴ی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ( 2019-06-25 ) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماکۆ دەستبەسەر کرا و بۆ زێندانی ورمێ گواسترایەوە. “محەممەد میرزایی” هەفتەی ڕابردوو بۆ لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری ورمێ گواستراوەتەوە و بە دوو تاوانی “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “ئەندام بوون لە پاڕتێکی ئۆپۆزیسۆنی کورد” دادگایی کرا.

لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا نووسینگەی بەڕێوەبردنی سزاکان بە بانگهێشتی “محەممەد میرزایی” پێنج ساڵ زیندانی بە هۆی “گردبوونەوە و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و پێنج ساڵ تریش بە هۆی “ئەندامیێتی لە پاڕتێکی ئۆپۆزیسۆنی کوردی، پێی ڕاگەیندرا. بەپێی خاڵی ۱۳۴ی یاسای سزادانی ئیسلامی کە سزاکان کۆ دەبنەوە، پێنج ساڵی ئەو سزایە دێتە باری کردەوەییەوە و بەڕێوە دەچێت.

دەنگۆی ئەو هەیە پێچەوانەی یاسای پێشوو کە ئەندامانی تەسلیم بووی پاڕتە ئۆپۆزیسۆنەکانی کورد دوای وەرگرتنی ئەماننامە بێ هیچ دڵەراوکە و ترسێک دەیانتوانی بگەڕێنەوە ناوخۆی ئێران بەڵام لەو ساڵانەی دواییەدا تاقمێک لەو کەسانەی کە گەڕابوونەوە و ئەگەرچی ئەماننامەیان وەرگرتبوو بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەسەر کراون و دادگایی کراون