“حەسەن ڕەسووڵزادە” کاسبکاری خەڵکی شاری سەقز دوای ڕووداوی هاتوچۆ و پێکدانی ئۆتۆمبیلەکەی لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی تر گیانی لە دەست دا. هەروەها لێخۆری ئەو ئۆتۆمبیلەکەی تریش لە ئاکامی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە گیانی لە دەست دا. ئەو ڕووداوە لە ئاکامی بەدواکەوتنی ئۆتۆمبیلی “حەسەن ڕەسووڵزادە” لە لایەن هێزە نیزامییەکانی دژە قاچاخ و هەڵاتنی ئه‌و ڕووی دا.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە شاری سەقزەوە لەو بارەوە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی وتی: “هێزە نیزامییەکانی دژە قاچاخ رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی مانگی پووشپەڕ هەوڵی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلێکی جۆری پژۆیان داوە، کە خاوەنەکەی هونەرمەندێکی سەقزییە بە ناوی “حەسەن رەسووڵزادە” و باری ئۆتۆمبیلەکای کولێری گازی بووە بەڵام پاش هەڵاتنی وی و وەدواکەوتنی لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە ئۆتۆمبیلی ناوبراو لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی تر پێکدەدەن و لە ئاکامدا هەر دوو لێخۆڕەکە گیانییان لە دەست دەدەن.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند “حەسەن رەسووڵزادە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە. هەروەها ناسنامەی لێخوڕەکەی دی هێشتا دیار نەبووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هەر ساڵە ڕووداوگەلی بەو چەشنە، کە بە دەست تێوەردانی هێزە نیزامییەکانەوە ڕوو دەدا، کارەساتی گیان لە دەستدان و کۆژرانی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی دۆخی نزمی ئابووری ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و “دەگەڵ بەرز بوونەوەی نرخی رکود و بێکاری رێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد خەرێکی ئەو کارە پڕ مەترسیانەن. هەر ساڵیش هێزە نیزامییەکانی دژە قاچاخ لە رێگای نێوان سەقز_سنە بە تەقەی راستەوخۆ لە ئۆتۆمبیلی کاسبکاران دەبنە هۆی گیان لە دەستدانی دەیان کەس. ئەوەی ڕاست بێ ئەوەیە کە بۆوان دەست بە سەر دوو کولێر گازیدا بگرن زۆر لە گیانی مرۆڤەکان بە نرخترە.

شایانی باسە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان پێشتر ویدییۆیێک لە جەرگەی بەدواکەوتن و هەڵاتنی کاسبکاران لە دەس هێزە نیزامییەکانی دژە قاچاخەوە بڵاو کردبووە کە تێیدا هەڵسوکەوتی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ کاسبکاران نیشان دەدا و هەروەها لەو گرتە ویدییۆییە ڕووداوی زۆری هاتوچۆ کە کارەساتی لێ کەوتبووەوە لە یەکێ لە ڕێکانی شاری سەقز بڵاو کردبووەوە.