“فەرهاد مۆحەمەدی” پارێزەری دادگا و دەبیری پارتی یەکێتی نەتەوەیی لقی کوردستان ئازاد کرا. ناوبراو پاش ۶ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۸ی مانگی پووشپەڕ، ناوبراو بە دانانی بارمتەی قوورسی ۵۰۰ میڵۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندی سنە ئازاد کراوە.

ئەو چالاکوانە کوردە کە ڕێکەوتی ۱۴ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هاوکات لەگەڵ شەپۆڵی بەرفراوانی گیران و دەسبەسەرکردنی چالاکوانانی ژینگه پارێزی کورد و ئەندامانی لقی کوردستاتی پاڕتی یەکێتی نەتەوەیی لە شاری سنە و کامیاران دەستبەسەر کرابوو، نزیک بە ۵ مانگی ڕەبەق وێڕای ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی ئەشکەنجەش کرابوو.

“فەرهاد مۆحەمەدی” لە ڕێکەوتی چواری مانگی جۆزەردانی ئەو ساڵ بۆ بەندی قەرەنتینەی زیندانی سنە گواسترابووەوە، بەڵام بە پێچەوانەی شێوەی ئاسایی، بڕیاری ماوەی دەستبەسەری و دانانی بارمتە لە لایەن دادستانەوە ڕەت کرابووەوە و دژایەتی لەگەڵ کردبوون و پاشان بڕیاری دەستبەسەری کاتی وی بە شێوەی نایاسایی نوێ کرابووەوە.

“فەرهاد محەممەدی” لە ماوەی ڕاگرتنی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات تەنانەت یەکجار ڕێگەی پێ درا بنەماڵەکەی ببینێ و ئەوەش بەو مەرجەی کە لێپرسوانێک لەو چاوپێکەوتنەدا ئامادە بێت. ئەو چەشنە چاوپێکەوتنە لە حاڵێکدا بووە کە کچە منداڵەکەی بە هۆی نەخۆشیێکی سەخت لە نەخۆشانەدا بووە.

٥۹ پارێزەری کورد مانگێ پاش دەستبەسەر کردنی ناوبراو نامەیێکییان سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە کە تێیدا پشتگری خۆیان لە فەرهاد مۆحەمەدی ڕاگەیاندبوو و هەروە تر لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئەزموون و مێژووی باش و خۆشناوی ناوبراو، خوازیاری ئازادی وی بوون.

شایانی باسە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و چەند مانگ دواتریش دەیان چالاکوانی ژینگە پارێز و ئەندامانی پاڕتی یەکێتی نەتەوەیی لقی کوردستان لە شارەکانی کامیاران، سنە و مەریوان بە شێوەیەکی هاوکات و بەربڵاو لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران دەستبەسەر کران. لە ماوەی چەند حەوتووی پاش گرتنییان ئەو کەسانە بە دانامی بارمتەی قوورس بە شێوەی کاتی ئازاد کران، بەلام چەند کەسی تر وەک حوسێن کەمانگەر و باسام مورادی و خالید زەمانی هێشتا لە گرتووخانە ڕاگیراون.