ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۵ی پووشپەڕ، کۆڵبەڕێکی خەڵکی سەردەشت بە ناو “مەنسوور گرژە” لە ناوچەی سنووریی ئەو شارە بە تەقەی پاسەوانانی سنووریی ئێران کۆژرا و ئیوارەی دووشەممەش لە جەرگەی تەقەی پاسەوانانی سنوور لە ناوچەی سنووریی شاری شنۆ دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “غەریب عەزیززادە” و “سامان” بریندار بوونە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە نیوەڕۆی رۆژی شەممە ۱۵ی پووشپەڕ پاسەوانانی سنووریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەوروبەری گۆندی “کانی زەرد” سەر بە شاری سەردەشت تاقمێ کۆڵبەریان کردۆتە ئامانجی راستەوخۆ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ۲۳ ساڵان بە ناوی “مەنسوور گرژە” دەکوژرێت. ناوبراو خێزاندار و هاوژینەکەی حامیلەیە.

هەروەها بەپێی راپۆرتگەلێ کە وەدست گەیشتوون، ئێوارەی ڕێکەوتی ۱۷ی پووشپەڕ پاسەوانانی سنووریی ئێران لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان لە ناوچەی کێلەشین، تاقمێ کۆڵبەر کەوتوونە بەر دەسڕێژی گۆلەی پاسەوانان و بۆتە هۆی برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “غەریب عەزیززادە”، دانیشتووی شاری پیرانشار، و “سامان” دانیشتووی شاری مهاباد.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لایەن تۆڕی مافی مرۆفی کوردستان کۆ کراونەتەوە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ تاکوو ئێستا چوار کۆڵبەر و کاسبکاری سنووریی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و ۷ کەسی تریش بریندار بوونە.

دوا بە دوای بەرز بوونەوەی رێژەی بێکاری لە کوردستان، خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد لە رووی ناچاری ڕوویان کردۆتە کۆڵبەری. “سەید ئەحسەن عەلەوی” نوێنەری شارەکانی سنە،کامیاران و دیواندەرە لە پاڕڵمانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “خانە ملت” باس لە هەبوونی زیاتر لە سەد هەزار کۆڵبەر تەنانەت لە پارێزگای کوردستان دەکات.

هەروەها بە پێی راگەیاندنی ناوەندی ئاماری ئێران، زیاترین رێژەی رکودی ۱۲ مانگی ڕابردوو تایبەتە بە پارێزگای کوردستان بە رێژەی ۴۵.۱ لە سەد. هەروەها زۆرترین رێژەی رکودی خاڵ بە خاڵیش لە مانگی جۆزەرداندا تایبەتە بە پارێزگای ئیلام بە ۶۰.۳ لە سەد.