ملیتاریزەکردنی شاره‌كانی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ڕوو لە زیادبوونە و درێژەی هەیە. سپای پاسداران هێزێکی زۆری لە گوندەکانی دەوربەری شاری مەریوان و هەروە تر بەرزاییەکانی ناوچە پارێزراوە سنوورییەکانی شاخەکانی “کۆساڵان” و “شاهۆ”، هەڵکەوتوو لە شارەکانی سەروئاوا، پاوە و کامیاران، جێگر کردووە.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند، “لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەوساڵ تاکوو ئێستا سپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد دەستی بە ڕاگواستنی بەڕبڵاوی هێز و تەقەمەنی قوورس بۆ گۆندەکانی دەڤەری مەریوان و چیاکانی کۆساڵان و شاهۆ کردووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هاتووچۆی فڕۆکە و فڕۆکەگەلی سیخۆڕیی سپای پاسداران لە دەڤەری مەریوان زۆرتر بووە. ئەو هێزانە هەر ناوچەیێک کە ئەگەری هەبوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردی تێدابێ تۆپباران دەکەن.سەرەڕای ئەوەش، لە کۆتایی مانگی جۆزەردان بەشێک لە دارستانەکانی گۆندی “نێ”ی مەریوان بە هۆی تۆپباران کردن تووشی ئاگر کەوتنەوە بوو.

چەند هاووڵاتی دیکە کە لە ناوچە پارێزراوەکانی کۆساڵان و شاهۆ خەریکی ئاژەڵدارین، بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانییان ڕاگەیاند کە هێزەکانی سپای پاسداران، جێگر لەو شوێنە نیزامییە تازە سازکراوانە لەو ناوچەیەدا، رۆژانە بە بێ هیچ هۆکار و ئامانجێک تەقە لە بەرزاییە سنوورییەکان دەکەن و بۆتە هۆی دڵەراوکە و ترس بۆ ئاژەڵداران و شاخەوانان.

یەکێک لەو کەسانە هەروەها دەڵێ کە لە لایەن رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران خراونەتە ژێر گوشار و هەڕەشە تا هەر چەشنە هاتووچۆیێکی پاڕتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد بە ناوەندە نیزامێکان راپۆرت بدەن