زارا محەممەدی و ئێران راەپێکار دوو چالاکوانی مەدەنی ده‌ستبه‌سه‌ركراو هێشتا بەپێی بڕیاری دەستبەسەری کاتی، له کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی سنەدا ڕاگیراون. سەحەر کازمی، زیندانی سیاسی دیكه‌ی بەندکراو لەو زیندانە هێشتا لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت و ئازادی بە مەرج بێبەشە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە زارا محەممەدی چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی کۆمەڵەی کلتووری-کۆمەڵایەتی “نۆژین” کە دووی جۆزەردانی ئەوساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو هه‌ر لە بەندی گشتیی کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی شاری سنە ڕاگیراوە.

ئێران راەپێکار، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوان کە ۴۵ رۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، دوای کۆتایی خولی لێپرسینەوەی بۆ قەرەنتینەی کانوونی ئیسڵاح و پەروەردەی شاری سنە گواستراوه‌ته‌وه‌ و هێشتا لە ژێر بڕیاری دەستبەسەری کاتی دایە و چارەنووسی دۆسه‌یه‌كه‌ی نادیارە.

بەگوێرەی راپۆرتە گەیشتووەکان، سەحەر کازمی، ژینگەپارێز کە لە ڕێکەوتی ۱۸ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو و نادادپەروەرانە ۲۰ مانگ زیندانی مسۆگەری لەسەرداسەپا بە بێ ئەوەی مافی مەرخەسی و ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لە ئازادی بە مەرجی هەبێت هێشتا لە کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی شاری سنە ڕاگیراوە.

سەحەر کازمی لە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوودا لە لایەن لقی ئەوەڵی دادگای شۆڕشی سنە بە تاوانی حەولدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری لەسەر داسەپا، بەڵام ئەو سزایە لە دادگای پیداچوونەوەدا بە ۲۰ مانگ کەم کرایەوە.

کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی شاری سنە لە مەیدانی لەشکری ۲۸ی سنە هەڵکەوتووە. بەندی ژنانی ئەو کانوونە بەندێکی قەرەنتینەی تێدایە و بەندی گشتیشی جێگای ۳۰ تەخت و دیوێکی بچووکیشی هەیە کە بۆ گەنجان تەرخان کراوە