تۆڕی مافه‌كانی مرۆفی کوردستان ٦ی پووشپەڕی ٢٧١٩: لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لە ئاکامی تەقەی  هێزه‌كانی پاسەوانانی سنووری بانە دوو کۆڵبەر و کاسبکارێکی کورد کوژراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی به‌ ده‌ست خراون، ئیوارەی ٢٢ی جۆزەردان لە ناوچەی “زەلی” شاری بانە کاسبکارێکی سەر سنوور بە نێوی “محەممەد حوسێنزادە” لە لایەن پاسەوانانی سنوورەوە تەقەی لێ دەکرێ و دەکوژرێ.

هەر وەها رۆژی ٤ی پووشپه‌ر هێزەکانی پاسگای “ناو بریتان”ی بانە بە بێ هیچ وشیار كردنه‌وه‌یه‌ك  تەقەیان لە گروپێک کۆڵبەر كردووه‌ و کۆڵبەرێکی ٢١ ساڵە بە نێوی “هێمن ساڵحی” خەڵکی گوندی “ئاڵوت”ی بانە لە ئه‌نجامی ئەو تەقە كردنه‌، كۆژراوه‌.

پاش زێدەبوونی رێژەی بێکاری لە کوردستان، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە لە بەر نەداری و ناچاری روویان کردۆتە کۆڵبەری. سەید حەسەن عەلەوی نوێنەری شارەکانی سنە و کامیاران لە پاڕلمانی ئێران لە وتووێژێکدا دەگەڵ سایتی “خانە ملت” باسی لە هەبوونی زیاتر لە سەد هەزار کۆڵبەر تەنیا لە پارێزگای کوردستات دەکات.

هەر وەهالا بەپێی ڕاگەیاندی ڕەسمی و ناوەندی ئاماری ئێران، زیاترین رێژەی رکوود ١٢ مانگە بۆ پارێزگای کوردستانە، بە رێژەی ٤٥.١ و زیاترین رکوودی خاڵ بە خاڵ لە مانگی جۆزەردان بۆ پارێزگای ئیلامە بە ٦٠.٣ لە سەده‌.