تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستان، ٥ی پووشپەڕی ٢٧١٩: فاڕووق شاروێرانی, زیندانی سیاسی کورد کە رێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە زیندانی ناوەندی ورمێ بۆ بەندی نیزامی زیندانی کرمان دوور خرابووەوە، دوێنێ بە هۆکاری نادیار گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی گرتووخانە ناوەندی کرمان.

فاڕووق شاروێرانی ٢١ی گوڵانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتت ٢٠ی مانگی پووشپەڕ، دوای کوتایی خولی لێپرسینەوە لەو ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئاسایشییه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوەندی ورمێ گواسترابووەوە.

دادگایی ئەو زیندانییە سیاسییە، وێرای دوو هاودۆسییەکەی تری بە نێوەکانی ئەمیر پەیغامی و تاهیر خورشیدی لە رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە لقی یەکی دادسەرای نیزامی ورمێ بەڕێوەچوو.

ئەمیر پەیغامی چوار ساڵ زیندان، فاڕووق شاروێرانی چوار ساڵ زیندان و تاهیر خورشیدش بە حەوت ساڵ زیندانی وێڕای دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی ناوەندی کرمان ناڕەوا سزا دران.

شایانی باسە بە هۆی ئەندامیێتی تاهیر خورشیدی لە سپای پاسداران، دۆسیەی ئەو کەسانە چوو بۆ دادسەرای نیزامی. دوای ئەرێنی کردنی سزاکە، ٢ی رێبەندانی ساڵی ڕابردوو، تاهیر خورشیدی و فاڕووق شاروێرانی بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوەندی کرمان دوور خرانەوە.