تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩: چارەنووسی عیسمەت( محەممەد) سەلەحشور، زیندانی سیاسی کورد کە بۆ جاری دووهەم لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە گرتووخانەی ناوەندی ورمێ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی سازمانی ئیتلاعاتی سپا گواستراوەتەوە هیچ زانیاریێک لە بەردەستدا نییە.
سەرچاوەیێکی ئاگادار بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیی ڕاگەیاند:
عیسمەت (محەممەد) سەلەحشوور کە لە رۆژی ١٩ی جۆزەردان بۆ ده‌ستبه‌رسه‌رگه‌ی سپای پاسداران گواستراوەتەوە، لە مافی پێوەندی تەلەفوونی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەی بێبەش بووە و درێژەی بێ خەبەری لە دۆخی ناوبراو بۆتە هۆی زێدەکردنی هەستی نیگەرانی و پەرۆشی بۆ بنەماڵەکەی.

ئەم گیراوە سیاسییە پێشتر لە رێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ئەمساڵیش لە گرتووخانەی ناوەندی ورمێ بۆ گرتووخانەی رێکخراوەی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوێسترابووەوە و دوای ١٥ رۆژ لێپرسینەوە، سەر لە نوێ بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ گەڕێندراوە.
عیسمەت( محەممەد)سەلەحشور خەڵکی گوندی فەلەکان لە دەڤەری شاری مڕگەوەری ورمێ لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش مانگێک لێپرسینەوە، گواستراوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ. ئەو پاشان لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تاوانی “هاوکاری دەگەڵ یەک لە پارتە ئۆپۆزێسیونەکانی کورد” پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ داسەپا. ئەو سزایە رێبەندانی ساڵی ڕابردو لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە پشت راست کرایەوە.