تۆڕی مافی مرۆفی کوردستان، ٢ی پووشپه‌ری ٢٧١٩: دوابەدوای کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران لە شاری چاڵدران، ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستی کرد بە دەستبەسەری بەربڵاوی هاوڵاتییانی کورد لە شارەکانی چاڵدران، شوت و بازرگان.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بۆتەوە کە لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا ڕێکخراوەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لانیکەم ٦ هاووڵاتی کورد بە نێوەکانی ئەحمەد سەبزی دانیشتووی شاری بازرگان، محەممەد سەلیم بەکری دانیشتووی شاری شۆت، بێهزاد خالیدی، رەسووڵ خالیدی، سەججاد رۆستەمی و محەممەد حوسێن سەربازیان لە شاری چاڵدران دەستبەسەر کردون، هەمووی ئەو کەسانە هەر ئێستا لە گرتووخانەی سپا لە شار ورمێ ڕاگیراون و تاکوو ئێستا ڕێگە بە هیچ چەشنە پێوەندیێکییان لەگەڵ بنەماڵەکانییان پێ نەدراون.

بەپێی وتەی سەرچاوەییەکی ئاگادار، ٧ی جۆزەردان لە تێكهه‌ڵچوونی هێزه‌كانی سپای پاسداران و ئەندامانی چەکداری یەک لە حزبە کوردییەکان له دەوروبەر ئاوایی “سگریکی” شاری چاڵدران، ئەندامێکی سپای پاسداران کۆژرا.

دوای ئەم تێکهەڵچوونە، هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران دەستیان کرد بە کەلەپجە کردن و گرتنی چوار کاسبکاری کورد بە نێوەکانی، بێهزاد خالیدی، رەسووڵ خالیدی، سەججاد رۆستەمی و محەممەد سەربازیان. ئەو گیراوانە، پاش ئەوەی کە دەستبەسەر کروان لە گرتووخانەی سپای پاسداران لە شاری خۆی ئەشکەنجە کراون و دواییش گوێزراونەتەوە بۆ گرتووخانەی شاری ورمێ.