لە دەسپێکی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆگەلێکی جیاجیا هەمیشە مەیدانی پان و بەرینی دەربڕینی ناڕەزایەتی گشتیی بووە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە جاران پەرەی ئەستاندووە. خۆپیشاندان دژ بە کوشتوبڕی کۆڵبەران و لەسێدارەدانی گیراوە سیاسییەکان، پاڵپشتی لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان، مانگرتن دژ بە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆسەر بنکەکانی حدک و حدکا لە کۆیە، دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە گرانی شتومەک و هەڵاوسان، مانگرتنی مامۆستایان و … بەشێکن لەو چالاکییە مەدەنییانەی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەگەرچی بەگوێرەی مادەی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ”سازدانی گردبوونەوە و خۆپیشاندان، بەبێ هەڵگرتنی چەک و بەو مەرجەی دژ بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام نەبێ، ڕێگەپێدراوە”، بەمەشەوە گردبوونەوەکان هەمیشە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، بەچەشنێک کە زۆربەی چالاکانی مەدەنی و سنفی تووشی هەڕەشە، بانگهێشتکران و یان قۆڵبەستکران بوونەتەوە.

ناره‌زایه‌تی مامۆستایانی كوردستان

لە ساڵانی ڕابردوودا، کاردانەوە و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چالاکانی بوارە جیاجیاکان نەک کەم نەبوەتەوە، بەڵکوو لە کۆتایی هاوینی ڕابردوودا زەخت و زۆر لەسەر ئەوان چڕتر بوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان، لەپاش مانگرتنە بەربڵاوەکەی ئەمدواییە، بەرپرسانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان بانگهێشت کراون و تەنانەت جێگۆڕکێ بە چەند پلەبەرزێکیان کراوە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی ئێتلاعاتی سنە گۆڕاوە و لە هەندێ شاردا بەرپرسانی نوێ جێی بەرپرسانی پێشوویان گرتوەتەوە. ئەو بەرپرسە نوێیانە بۆ چاندنی تۆوی ترس و هەروەها بۆ ناسینی زیاتری گیراوە سیاسییه‌كانی پێشوو و چالاکە مەدەنییەکان، زیاتر لە سەد هاوڵاتیی شارەکانی مەریوان، سەقز، کامیاران، سەوڵاوا، بانە و سنەیان بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لێکردوون.
چەند کەس لە بانگهێشتکراون بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستانیان ڕاگەیاند کە لێپرسراوان و پشکێنەران سەرەتا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستان دواون و پاشان بە زمانێکی توند و هەڕەشەئامێز، هەڕەشەیان لەو چالاکانە کردووە ”لە ئەگەری بەردەوامبوون تووشی سزا دەبنەوە”.
زۆرینەی بانگهێشکراون پاش لێپرسینەوەی چەن کاتژمێری و یان چەند ڕۆژی ئازاد کراون بەڵام هێشتا هەندێ لەو چالاکانە دەستبەسەرن.

ئەوە بەس وەزارەتی ئێتلاعات نییە کە بۆ لێپرسینەوە و هەڕەشەکردن، بانگهێشتی چالاکە مەدەنییەکان کردووە بەڵکوو ڕێکخراوی ئێتلاعاتی سپاش بەجیا هەندێ لەو چالاکانەی بانگهێشت کردووە. لێپرسراوانی وەزارەتی ئێتلاعات لە هەندێ لەو لێپرسینەوانە، هەڕەشەی کوشتنیان لە چالاکانی مەدەنی کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون ئەگەرچی قۆڵبەستکردنی کەسانی ناسراو دەتوانێ فشاری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاد بکا بەڵام ئەوان ناکەونە ئەو داوە و ڕێگەیتر وه‌كوو کوشتن دەگرنە بەر؛ لەوانە سناریۆی ساختە وەکوو پێکدادانی ترۆمبیل و … .بەگوتەی ئەو لێپرسراوانە ئەم ڕێبازانە نەتەنیا پاڵەپەستۆ ناخەنە سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران بەڵکوو بەئاسانی دەتوانن چالاکانی مەدەنی تەفروتوونا بکەن.

مانگرتن دووكانداران له‌ شاری سنه‌

هەروەها لەپاڵ چالاکییەکانی وەزارەتی ئێتلاعات و ڕێکخراوی ئێتلاعاتی سپا، یەکینە تایبەتییەکانی سابرین لە شارەکانی بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، کامیاران، پاوە و جوانڕۆ جێگیر کراون. ”لەناوبردنی ئەندامانی گرێدراوی حیزبە کوردییەکان”، وەک ئەرکی سەرەکی ئەم یەکینانە ڕاگەیەندراوە. ئەم هێزانە بە جلوبەرگی ئاسایی لەو ناوچانەی وێدەچێ حیزبە کوردییەکان هەبن، دەستیان کردووە بە جووڵە و سووڕانەوە، هەروەها تیمە تایبەتەکانیان لە دەورووبەری کوێستانەکانی قەندیل، کۆساڵان، داڵاهۆ و شارە سنوورییەکانی مەریوان، پیرانشار و شنۆ جێگیر کراون.
ئەندامێکی پێشووی بەسیجی سپای ورمێ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستانی ڕاگەیاند: ”بە سەرنجدان بەوەی کە لە ماکۆڤە بگرە تا شاهۆ دەکەوێتە بواری جووڵەی بڕیارگەی حەمزەی سەیدۆشوهەدا، یەکینەکانی سابرین لەژێر فەرمانی ئەم بڕیارگەدا جێیان گرتووە و گەلێک کەرەستە و چوکوچۆڵی قورس لەوانە چەکی کیمیاوی خراوەتە بەردەستیان تاکوو لە چرکە هەستیارەکاندا کەڵکیان لێوەربگرن”.
ئەو ئەندامەی سپا کە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان سپای پاسداران و پژاک لە قەندیل ئامادە بووە لەدرێژەدا وتی: ”ئەوکات بەهۆی درێژخایاندنی تێکهەڵچوونەکان و هەروەها سەغڵەتبوونی گرتنی خاڵە ستراتژییەکانی چیای قەندیل، سپاه دەستی کرد بە بڵاوکردنی ماسک لەنێو هێزەکانی خۆییدا و ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو تێکهەڵچوونانەدا، وێدەچێ چەکی کیمیاوی بەکاربهێنن”.
چه‌ند كه‌س كه‌ دانیشتوانی گونده‌كانی دەرووبەری چیای شاهۆ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤیی کوردستان باسیان لە ناردنی چەکوچۆڵی قورس کردووە بۆ شاهۆ. بە وتەی ئەوان ئەو چەکوچۆڵانە لە دەسپێکی بەڕێوەچوونی مانۆڤری ئەمنی محەڕەمی ٢، گواستراونەتەوە بۆ بنکەکانی سپا لە بەرزاییەکانی شاهۆ.

توپبارانی چیای شاهۆ له‌لایه‌ن سپای پاسدارنه‌وه‌