لەماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا، دوو كۆڵبەرو كاسبكار لەسەر سنوورەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزكانی سنوورپارێزی ئێران كوژراون‌و دووانی دیكەش بەسەختی بریندار بوون.
لە بەرەبەیانی ١٠ی خەرمانان(۲۰۱۸/٠٩/۰۱ )، كۆڵبەرێكی خەڵكی بانە بەناوی مەحمود كێتابی، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران لەسنوور شاری پیرانشار كوژراوە.
مەحمود كتابی، تەمەنی ۲۴ ساڵ بووەو خێزاندارەو كۆرپەیەكی ٨ مانگیی هەبووە.
هەر لەدرێژەی تەقەكردنی هێزەكانی ئێران لە كۆڵبەران، ڕۆژی ١٣ی خەرمانان (۲۰۱۸/٠٩/۰۴) كۆڵبەرێكی خەڵكی سەقز بەناوی ئاكۆ مینایی تەمەن ٢٣ ساڵ، لەسنوور نەنووری بانە بەتەقەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران بریندار كراوە.
هاوكات بەپێی دوایین هەواڵ كە بەتۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی دوێنێ ١٥ی خەرمانان،(۲۰۱۸/٠٩/۰۵ )هێزەكانی پاسگای دەشتی كەپرانی سەردەشت، لەكاتی ڕاوەدونانی ئۆتۆمبێلی كاسبكارێكی كورد تەقەیان لێكردووەو ئەو كاسبكارە كە خۆی شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بووە كوژراوە.

مه‌حموود كێتابی

یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو كاسبكارە، بەتۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانی ڕاگەیاند، كاتژمێر ٤ی بەرەبەیان، هێزكانی پاسگای دەشتی كەپرانی سەردەشت لە نزیك گۆندی دارەمەرجان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ناسر ئیبراهیمزادە كردووەو ناوبراو بەهۆی بەركەوتنی دوو فیشەك بەسەریەوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی ئەو ئەندامەی بنەماڵەكەی، بەهۆی كوشتنی ئیبراهیمزادە ئۆتۆمبێلەكەی لە سەر شەقام لایداوەو لە شاخ كەوتووەتە خوارەوە، كەسێكیش كە هاوڕێی ناوبراو بووە لە ناو ئۆتۆمبێلەكەدا بریندار بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، خەڵكی ناوچەكە بە بەرد هێرشیان كردووەتەسەر هێزەكانی ئێران‌و ڕێگەیان نەداوە باری ناو ئۆتۆمبێلەكە لەگەڵ خۆیاندا ببەن، هەروەها خەڵك هێرشیان كردووەتەسەر بنكەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئێران لە دەشتی كەپران، بەردبارانیان كردووە.
كۆڵبەرانی سەر سنور لە ناوچە سەختەكاندا كار دەكەن‌و بژێویی ژیانیان دابین دەكەن، بەدەر لە تەقەی هێزەكانی ئێران هەندێكجار ڕوبەڕوی ڕووداوی كەوتنە خوارەوە دەبن‌و زیانیان پێدەگات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكەوە بەتۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ۹ی خەرمانان (۲۰۱۸/٠٨/۳۱ ) كۆڵبەرێك بەناوی ئەسعەد فەرەجی خەڵكی گۆندی بارام ئاوای سەر بە شاری سەوڵئاوا، بەهۆی كەوتنەخوارەوەی لە بەرزایی لە ناوچەی گەردەنەی تەتەی سنووری هەورامان، بریندار بووەو بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە كراوە.