دوابەدوای ڕاگەیاندنی ناوی دهرچووانی کارناسیی باڵا لە لایەن ڕێکخراوەی هەڵسەنگاندنی فێرگەی وڵات(سازمان سنجش)، چالاکێکی خوێندکاریی کورد لە مافی درێژەدان به خوێندن بێبەش کرا.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافهكانی مرۆڤی کوردستان، فەرهاد شەفیعزاده چالاکێکی خوێندکاری کورد هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بە بیانووی ”ناتەواوبوونی دۆسیە” له درێژە دان به خوێندن له قۆناغی کارناسیی باڵا بێبهش كرا.
ناوبراو گەلاوێژی ئەمساڵ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوی دهرچووان بە مەبەستی بەدواداچوون، سەردانی ڕێکخراوەی هەڵسەنگاندنی فێرگهی وڵاتی کرد، بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوەیە، هۆکاری ئەو زەوتکردنەیان گەڕاندەوە بۆ ”دژایەتی كردنی ئێدارهی ئیتلاعاتی کوردستان” و ”هەبوونی پێشینەی سزای سیاسی”.
جێگای ئاماژەیە ساڵی ڕابردووش، لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵادا ناوبراو توانی لە ڕیزی ٥٧ دا جێ بگرێت و بە مسۆگەرکردنی ئەم پلە، بۆ بهشی زانستە رۆژئاواییەکانی زانکۆی تەورێز دەربچێت، بەڵام لە بە بیانووی ”ناتەواویی دۆسیە” لە مافی خوێندن بێبەش کرا.
فەرهاد شەفیعزادە، چالاکی خوێندکاریی پێشووی زانکۆی تەورێز، ئەندامی لێژنەی نووسەرانی بڵاڤۆکی خوێندکاری(آستانە)، له ٢٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و دوای ٢٠ ڕۆژ ڕاگرتن لە دهستبهسهرگهی ئێدارهی ئیتلاعاتی مەریوان بۆ گرتووخانەی ئەو شارە گواسترایەوە. ناوبراو پاش حەفتەیەک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سەرەتای بەفرانباری هەمان ساڵ کۆبوونەوەی دادگایی كردنی ئەو خوێندکارە کوردە له دادگەی شۆڕشی مەریوان بەڕێوەچوو و ناوبراو بە تۆمەتی ”ئاژاوەنانەوە و تێکدانی ئاسایشی گشتیی” و هەروەها ”سووکایەتی بە بەرپرسانی حکومەت” ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپا. هەروەها دوای حەفتەیەک لە بڵاوکردنەوەی حوکمی دادگای شۆڕش، بنکەی حەراسەتی زانکۆی تەورێز ناوبراویان بە تۆمەتی ”ئاژاوەگێڕێ له زانکۆ”، ”ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتی” و ”ڕەخنەگرتن لە کەسیایەتیە سیاسییەکانی وڵات” بۆ ماوەی دوو ترم له مافی خوێندن و هەروەها ناونووسین بۆ ماوەی ساڵێک بێبەش کرد. ئەو هەروەها لە مافی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان تا کۆتایی خولی خوێندن بێبهش کرا.
دوای یەکلایی بوونەوەی حوکمی دادگە، ناوبراو بۆ گرتووخانەی مەریوان گواسترایەوە و لە ٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٤ دا، پاش یەک ساڵە مانەوە لە زیندان، ئازاد کرا.