ئێمە کێین؟

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رێکخراوێكی سەربەخۆی قازانجنەویستی بێلایەنە کە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوەی فەرمی تۆمار کراوە.

ئەرکی سەرەکیی ئەم ڕێکخراوەیە لە دوو بەشدا پێناسە دەکرێت:
بەشی فێرکاری و پەرەدان بە بەها و پرەنسیبەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بەشی ڕاگەیاندن و بەبەڵگەکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

بەستێنی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە سەرجەم هەرێمی کوردان لە جوگرافیای ئێراندا دەگرێتەوە.

هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان و هەروەها دامەزراوە و ڕێکخراوە جیهانییەکانی چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤدا، یەکێکی ترە لە کارەکانی ئەم رێکخراوەیە، هەر لەم پێناوەدا ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بابەتەکان بڵاو دەکاتەوە و لە سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ئێکاونتی فەرمی و تایبەت بە خۆیی هەیە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە ئەندامە لە «ڕێکخراوەی هاوپەیمانی جیهانیی دژ بە لەسێدارەدان»دا.
هەروەها پێوەندی و هاوکاریی نزیک و دوولایەنەی هەیە لەگەڵ دامەزراوە کوردستانی، ئێرانی و جیهانییەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤدا.

بەڕێوبەری:

فاتیمە کەریمی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن

فاتیمە کەریمی نووسەر و ئەکادیمییە، لێکۆڵینەوە و پەرتووکەکانی بەدواداچوونن بۆ بابەتەکانی پەیوەندن بە رەگەز و کاریگەرییەکانیان لەناو کۆمەڵگە و گروپە سیاسییەکاندا. بڕوانامەی دکتۆرای لە پاریس بەدەستهێناوە لە زانکۆی خوێندنی باڵا لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان. بڕوانامەی ماستەری لە خوێندنەوە بواری ژنان هەیە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران.
پەرتووکی “تراژیدیای جەستە” لە ٢٠١٠ بڵاوبۆتەوە و لێکۆڵیەنەوەیە لەسەر کاریگەرییەکانی خەتەنەکردن لەسەر ژنی کورد و تەواوی کۆمەڵگە. بە پەرتووکی ساڵ هەڵبژێردرا لە ٢٠١١ لە تاران لەلایەن پەرتووکخانەی سدیقە دەوڵەتئابادی. پەرتوکێکی دیکەی لە ٢٠١٤ بڵاوبۆتەوە و لەسەر کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی فرە ژنییە لەناو کۆمەڵگەی کورد لە ئێران.

رێبین رەحمانی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن

رێبین رەحمانی کاتێك خوێندکار بوو دەستیکرد بە کاری چالاکوانی، ئەو دەمە خوێندکاری زانستی کۆمپیتەر بوو لە زانکۆی بیرجەند و زانکۆی ئێران بۆ تەکنەلۆژیا و زانست لە ئەراک. ئەندامی دەستەی سەرنووسەرانی گۆڤاری خوێندکاریی رۆژهەڵات بوو. لە ٢٠٠٦ دەستبەسەرکرا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە و دوو ساڵی لە زیندان بردە سەر. ساڵێك دوای ئازادبوونی ئێرانی بەجێهێشت بەهۆی بەردەوامی فشارەکان لەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
ئەزموونەکانی کاتی دەستبەسەرکردن، دادگایکردن و ژیانی زیندان گەیاندنییەوە ئەو بڕوایەی دەستبکاتەوە بە کاری چالاکوانی، ئەمجارە بۆ پەروەردەکردن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ و داکۆکی لە مافەکانی زیندانیانی سیاسی. ئێستا لە پاریس ژیان دەکات و پێشتر لەگەڵ چەندین چالاکوان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاری کردووە، وەك چالاکوانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ناوەندی بە بەڵگەکردنی مافەکانی مرۆڤی ئێران و هەڵمەتی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

ریبین رحمانی

کاوە کرمانشایی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن

کاوە کرمانشایی دوو دەیە زیاترە بەردەوامە لە چالاکییەکانی تایبەت بە کەمینەکان و یەکسانی رەگەزی و مافی کەسانی کوئیر. ئێستا خوێندکاری بابەتی کاری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤە لە بەرلین لە زانکۆی ئالیسن سۆلمۆن بۆ زانستە تەکنیکییەکان. پێشتر دیپلۆمی بەدەستهێناوە لە خوێندنی تێگەیشتن لە پێکدادان و کەلتوور فرەیی لە دەزگای ئەوروپی پێکدادان – کەلتوور -هاوکاری. لە 2011 خەڵاتی هێلمەن هەمێتی هیومان رایتس وەتچی لە نیویۆرك پێ بەخشرا بۆ کارەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا.
بەکالۆریۆسی لە یاسا هەیە لە زانکۆی ئازاد ئیسلامی کرمانشان بەڵام لە ٢٠١٠ ئێرانی جێهێشت، ساڵێك دوای ئەووی بۆ چەندین مانگ دەستبەسەر کرا و دواتر بە چوار ساڵ زیندانی سزادرا. دوای ئازادکردنی بە بارمتە و لەکاتی چاوەڕوانی پێداچوونەوەی سزاکەیدا توانی لە ئێران هەڵبێت.

لەیلی حەسەنپور

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن

لەیلی حەسەنپور لە ٢٠١١ چۆتە کاری ژینگەپارێزی لە مەریوان، ئەو شارەی ناسراوە وەك بنکەی شاخەوانی و کاری ژینگەپارێزی. ئەندامی دەزگای ئەدەبی و کەلتووری مەریوان بووە. دواتر کاری رۆژنامەوانی کردووە بۆ چەند بڵاوکراوەیەکی کوردستانی عێراق لەسەر بابەتەکانی مافی مرۆڤ. ئێستا لە ئۆسلۆ ژیان دەکات و سەرقاڵی خوێندنە لە میتۆدەکانی پەروەردەی سەرەتایی لە کەرتی پەروەردەی نەرویجی.