بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پووریا جەواهێری، کرێکاری خەڵکی کامێران کە لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار توانیویەتی پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت. ناوبراو لەم پێوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری سنەدایە و وتوویەتی بە هۆی ئەشکەنجەدرانەوە لە کاتی دەستبەسەربووندا یەک لە بربڕەکانی پشتی سنگی شکاوە. دوای قسەکانی ئەم هاووڵاتییە لەسەر ئەشکەنجەدران، لێپرسەوە ئەمنییەکان تەلەفۆنەکەیان بەسەردا داخستووە و نەیانهێشتووە لەوە زیاتر لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای بەدواداچوون و سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران، دواجار داواکاری گشتیی ئەم شارە ڕایگەیاندووە کە پووریا جەواهێر تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەرە.

تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.